پیسبوونی لە ڕادەبەدەری ئاوی خواردنەوەی شاری سنە بۆ هاونیشتمانیانی ئەو شارە کێشەی ساز کردووە.
بە پێی ئەو هەواڵ و ڕاپۆڕتانە کە بە ناوەندی راگەیاندن گەیشتووە، پیسبوونی ئاوی خواردنەوەی شاری سنە بووتە هۆی نیگەرانی خەڵک و لە بەرانبەرادا بەرپرسانی ئیدارەی ئاوو ئاوەڕۆی ئەو شارە لە جیاتی هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە ، حاشا لە ئەو بابەتە دەکەن.
بە پێی قسەی هاونیشتمانیان ڕۆژانە ئاوەڕۆی ئاوایی و دێهاتەکانی دەوروبەری شاری سنە بە بێ هیچ چاوەدیرییەک دەڕژێتە ناو بەندوای “وحدت” و لە گەڵ ئاوی خواردنەوەی ئەو شارە تێکەڵ دەبێ.
هەروەها هێندێک لە هاونیشتمانییان باس لەوە دەکەن کە ماوەیەکە بە هۆی پیسبوونی ئاو، پاش خواردنەوەی ئاوی شار، تووشی سک ئێشە و ڕشانەوە و سەرگێژە دەبن .
هەر لەو پێوەندییەدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاونیشتمانییانی شاری سنە دەستیان دایە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆو وێنەی تایبەت لەو بارەوە بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی شاری سنە نکۆڵی لەو پرسە دەکەن.
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی پیسبوونی ئاوی شاری سنە بۆ پرتووکاویی سیستمی لوولەکەشی ئاو و بەڕۆژنەکردنی سیستمی پاڵاوگەی ئاو لە شاری سنە دەگەڕێتەوە.
شایانی باسە پیسبوونی ئاو لە شارەکانی دیواندەر و قووروەش چەندین جار بووتە هۆی نیگەرانی و ناڕەزایەتی دانیشتووانی ئەو دووشارە.
پیسبوونی ئاوی خواردنەوە لە پارێزگای سنە لە کاتێکدایە کە سەتا ٦٠ی ئاوی شیرینی هەموو ئێران هی ناوچەکانی کوردستانە و بەڵام خەڵکی کوردستان کەمترین سوودی لێ وەردەگرن.