لە ماوەی ٩ مانگی ئەمساڵدا لە شاری قەسری شیرین ٢٣ كەس بە هۆی تەقینەوەی مین كوژراونو برینداربوون.
نێعمەتوڵڵا نازپەروەردە، جێگری فەرمانداری شاری قەسری شیرین وێڕای ڕاگەیاندنو پشتڕاستكردنەوەی ئەم هەواڵە گوتی، زۆربەی ئەم كەسانە كە بە هۆی تەقینەوەی مین كوژراون یان بریندار بوون، کۆچەری، منداڵانو شوانەكانی ئەم ناوچەیە بوون.
جێگری فەرمانداری قەسری شیرین هەروەها دەڵێ لە ماوەی ٢ ساڵی ڕابردوودا لەم شارە بە هۆی تەقینەوەی مین ٢٨ كەس كوژراونو ٢٠٨ كەسیش برینداربوون یان یەكێك لە ئەندامانی لەشیان لە دەست داوە.
نازپەروەردە وێڕای ئاماژە بەوەی كە لە ماوە ئەمساڵدا زیاتر لە ١٢٠٠ هێكتار زەوی لە شاری قەسری شیرین لە مین پاک كراوەتەوە، گوتی لەم عەمەلیاتەدا زیاتر لە ٩ هەزار مین پووچەڵ کراونەتەوەو لەکارخراون.
جێی بیرهێنانەوەیە کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا بە هۆی تەقینەوەی مین لە ئاوایی قەڵا سەوزی جووتیارێك دەستێکو لاقێکی لەدەست دا.
ئەم جووتیارە كوردە بە تەراكتۆر خەریكی زەوی كێڵان بوو كە مینێكی بەجێماوی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێرانو عێراق لە بن پێیدا تەقییەوە، ئەمە لە حاڵێكدابوو كە كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕادەگەیەنن كە ناوچە مینڕێژکراوەکان لە مین پاک کراونەتەوە.
بەپێی ئامارە ڕەسمییەكان لە ئێران پتر لە ٢٠ میلیۆن مینی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەوە بەجێماون، ئەوە لە حاڵێك دایە كە ساڵانە كۆمەڵێكی زۆر لە خەڵکی كورد بە تایبەت لە شارو ناوچە سنوورییەکان دەبنە قوربانیی ئەم بكووژە بێدەنگانەو وەک كارناسان باسی دەکەن تا ئێستا كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی هیچ هەنگاوێكی سیستماتیكو كاریگەرییان بۆ هەڵگرتنەوەو لەکارخستنی ئەم مینانە هەڵنەگرتۆتەوە.