لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا سێ هاونیشتمانی لەو شارەکانی دێولان، مەریوان و مهاباد لە ڕێگەی خۆکوشتنەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز) ، ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، هاونیشتمانییەک بە ناوی “مێهران ڕۆستەمی” خەڵکی مەریوان لە ڕێگای خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
هەر لەم ڕۆژەدا، شارومەندێکی خەڵکی ئاوایی ئیندرقاش سەر بە شاری مهاباد بەناوی “عەلی تەقیپوور” لەبەر بێ کاری و هەژاری لە یەکێک لە باغەکانی ئەو ناوچەیە خۆی هەڵاوەسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی سیشەممە ١٣ی خەزەڵوەر، لە ئاوایی سرنجیانەی سەر بە شاری دێولان “عیرفان سەلیمی” لە ڕێگای خۆکوشتنەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
شایانی باسە کە دیاردەی خۆکوشتن بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر ڕوو لە زیادبوونە و بە شێوەیەک کە بەپێی ئامارەکانی ناوەندی پزیشکی یاسایی ئێران، لە ٧ مانگی ساڵی ٩٩ی هەتاوی، بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پار لەسەتا ٢٥ بەرز بووەتەوە و لەو ڕێژەیە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕیزبەندی پێشەوەدان و بەداخەوە ئەم دیاردە دزێوە مناڵان و مێرمناڵانیشی گرتۆتەوە و تەمەنی خۆکوشتن دابەزیوە بۆ خوار تەمەنی ١٢ ساڵ و بەشێکی زۆری ئەو خۆکوژییانە دەگەڕێتەوە بۆ سەر کێشەی بنەماڵەیی، هەژاری، بێهیوایی و نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوون بۆ ژیانی خۆیان و داهاتووی مناڵەکانیان.
لەژێر دەسەلاتی زیاتر لە چل ساڵی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا خەڵک تووشی نەهامەتی جۆراوجۆر بوون و بۆ دەبازبوون لەو نەهامەتیانەش دوای بێ هیواییان لە ژیان، پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن.











