وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٤٢٤ کەس بە هۆی پەتای کۆرۆناوە لە ئێران گیانیان لە دەستداوە کە بەم پێیە ڕێژەی گیانلەدەستدان لە ئێران لە سنووری ٣٧هەزار کەس تێپەڕێوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری”ئیرنا” ڕۆژی هەینی ١٦ خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، “سیما سادات لاری” وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاند کە ڕێژەی گیانلەدەستدان بە هۆی پەتای کۆرۆناوە لە شارەکانی ئێران لە هەڵکشاندایە و نەخۆشخانەکان تەختی بەتاڵ و پێداویستی پزیشکییان بۆ چارەسەری نەخۆشەکان لە بەردەستدا نییە.
بەپێی وتەکانی ناوبراو لە ٢٤کاتژمێری ڕابردوودا ٨هەزار و ٨٦٤کەس لە شارەکانی ئێراندا تووشی پەتای کۆرۆنا بوون کەم ئەمە ڕێژەیەکی زۆرە.
سیما سادات لاری دەڵێ: ” پەتای کۆڕۆنا بە خێرایی لە حاڵی تەشەنەسەندن و بڵاوبوونەوە دایە و بەرپرسانی باڵای ڕێژیم هیچ هەنگاوێکی ئەرێنییان لەم پێوەندییەدا هەڵنەهێناوەتەوە و ئەگەر ڕێژەی گیانلەدەستدان بەم پەتایە هەروەها ڕوو لە هەڵکشان بێ ئەوە کارەساتێکی مرۆیی ڕوودەدات”.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “زۆربەی هەرە زۆری پارێزگاکان لە دۆخی سوور و مەترسیدان و زۆربەی هەرە زۆری ئەو نەخۆشانەی کە بە هۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆناوە ڕوو لە نەخۆشخانەکان دەکەن، بە هۆی کەمی پێداویستییە پزیشکییەکان و کەمی تەخت لە ژووری چاوەدێریی پزیشکییدا گیانیان لە دەستدەدەن، بۆیە داوا لە هەموو بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی دەکەین کە بۆ ماوەی دووحەوتوو زۆربەی ئەو شارانەی کە لە دۆخی سووردان دابخرێن و هاتوچووکردن لەوشارانەدا سنووردار بکرێ”.