کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و باوکی شەهیدێکی حیزبی دێموکڕات لە ناوچەی سەڵماس کۆچی دوایی کرد.
بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گەیشتوە ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٥ی خەزڵوەری ٩٩ی هەتاوی حاجی دەروێش قادری باوکی شەهید مەلا حوسێن قادری و کەسایەتیی ناسراو و نیشتمانپەروەری ناوچەی سەڵماس و ورمێ، کۆچی دوایی کردووە.
حاجی دەروێش قادری باوەڕبەخۆ و سەختکۆش کە بەهۆی سەرنەچەماندن بۆ زوڵم و زۆرداریی دەربەگایەتی سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتی، هەروەها بەهۆی ئەوەی لە سەردەمی ڕێژیمی ئاخوندیدا، کوڕ و برازا و کەسە نزیکەکانی بە ئاشکرا و نهێنی، لەنێو جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستاندا خەبات دەکەن، چەندین جار لەلایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی خراوەتە بەندیخانە و دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر، بەردەوام بە شێوەی جۆراوجۆر ئازار دراوە.
چیرۆکی خۆڕاگریی و بەسەرهاتی ژیانی حاجی دەروێش لە بەرانبەر زوڵم و ئەشکەنجەی ڕێژیمی ئێراندا، کە بە مرۆڤی ئاسنین ناسرابوو، بەهۆی ئیرادەی پۆڵایین و باوەڕی قووڵی بە ڕێبازی نەتەوەیی، ببووە وێردی سەر زمانان و ئەویان کردبووە کەسایەتییەکی جێگای ڕێز و خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی و نیشتمانپەروەریی لە هەرێمی سەڵماس و ورمێ.
حاجی دەروێش تا کۆتایی ژیانی قورس و قایم لەبەرانبەر زوڵم و زۆری رێژیمی ئاخوندی دا ڕاوەستا و لە بیروباوەڕی نەتەوەیی و قەڵایەک لە ئیرادەی خۆڕاگریی، بەردەوام پێشمەرگە و تێکۆشەرانی کوردستانی هاندەدا کە بە یەکڕیزی لە خەبات بۆ وەدیهێنانی مافی نەتەوەکەیان نەوەستن و خەونی سمکۆی شکاک، قازی محەمەد و ڕێبەرانی کوردستان، بۆ دەوڵەتبوون و شەکاندنەوەی ئاڵای کوردستان، وەدی بێنن.
کوڕێکی دیکەی خوالێخۆشبوو، کاک حەمە ساڵح قادری کە هەر ئێستا لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات دایە، بە دەیان ساڵە لە پێناو ئامانج و ئاڕمانەکەنی حیزب و خەڵکی کوردستاندا خەبات دەکات.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی حاجی دەروێش قادری و خزم و کەس و کاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.