بە پێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان گەیشتوە، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، کاک محەممەد فەتحی کەسایەتی خۆشناو و دۆستی بە ئەمەگی حیزبی دێموکرات لە شاری شنۆ بە هۆی پەتای کڕۆناوە کۆچی دوایی کردوە.
لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوو و لە پاش هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بنەماڵەی فەتحی بە هۆی بەشداری چالاکانەیان لە جووڵانەوەی ڕەوا و بەرهەقی گەلەکەمان، یەکێک لە بنەماڵە هەرە تێکۆشەر و فیداکارەکانی شاری شنۆ و ئەو مەڵبەندە بوونە. چەند کەسێکی بنەماڵەکەیان لە ڕیزی تێکۆسەرانی دێموکڕاتدا خزمەتیان بە گەلەکەیان کردووە و جی پەنجەی ئەو تێکۆشەرانە لە نەخۆشخانەکانی حیزب و خزمەتیان بە سەدان و بگرە هەزارن برینداری حیزب و رادیۆی دەنگی کوردستان شتێکی لە بیر نەکراوە. برایەکیان چەند ساڵێک لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا ژیانی جەوانی تێپەڕ کرد و لەژێر حوکمی ئیعدام دابوو. خوێنی بە ناحەق ڕژاوی شەهید مستەفا عەسری خوشکەزا، شاهیدێکی دیکەی فیداکاری ئەو بنەماڵەیەیە. لە تەواوی ئەو ماوەیەشدا کاک محەممەدی فەتحی بە تاوانی کورد بوون و هەروەها بە هۆی ئەوەی کە چەند ئەندامێکی بنەماڵەکەیان پێشمەرگە و زیندانی بوون، لە ژێر چاوەدێری دامودەزگای داپڵۆسێنەری کۆماری ئیسلامیدا بوو و هەرگیز مەجالی ژیانێکی ئازادی پێنەدرا. ناوبراو قەت سەری بۆ دوژمنانی گەل دانەنواند و تا ئاخرین چرکەساتی ژیانی هەر بە سەرفیرازی ژیا و ئاوات و ئامانجی ئازادی گەل و نیشتمانەکەی بوو.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی فەتحی و خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە سەریکی خەمیان دەزانین.