هاونیشتمانییەکی خەڵکی ناوچەی پیرانشار لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەرسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازرا.
بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، هاونیشتمانییەکی خەڵکی گوندی “زێوە”ی سەر بە شاری پیرانشار بەناوی “محەممەد مەحموودی” لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندووە کە لە کاتی دەسبەسەرکرانی “محەممەد محموودی” هێزەکانی ئیتلاعات بێڕێزی زۆریان بە ناوبراو کردووە و ئازار و ئەشکەنجەیان داوە.
هەر ئەو سەرچاوەیە لەم بارەیەوە بە چاونیوزی ڕاگەیاند کە، سەرەڕای تێپەڕینی ٣ ڕۆژ لە دەسبەسەر کرانی “محەممەد مەحموودی” و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی هەتا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووسی نییە و تەنانەت نازانن لە کوێ ڕاگیراوە.
شایانی باسە کە هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بێ هەبوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و تەنیا بە تۆمەتی کورد بوون گوشارێکی زۆریان خستۆتە سەر خەڵکی کورد لە هەموو ناوچەکانی کوردستان و بە بێ هیچ هۆکارێک دەسبەسەریان دەکەن.