سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بنکەیەکی مووشەکیی خۆی ئاشکرا کرد و مانۆڕی بەو بنکە مووشەکییەوە لێدا کە لە هەر شوێنێک پێویست بێ دوژمنانی خۆی وەک ئەمریکا و ئیسڕائیل دەکاتە ئامانج.
ئەو بنکە مووشەکییە ڕێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەر لەلایەن کاربەدەستانی سپای پاسدارانەوە ئاشكرا کراوە.
بەپێی زانیارییەکان کە ڕێژیم بڵاوی کردوونەتەوە، ئەو بنکە مووشەکییە بە شێوەیەکی چڕوپڕ و بە خەستی شوێنی مەبەست دەکاتە ئامانجی خۆی.
ئامانجی ڕێژیم لە ئاشکراکردنی ئەو بنکە مووشەکییە هەڕەشە لە وڵاتانی ناوچەکە و بە تایبەتی هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا.
ڕێژیمی ئێران بەردەوام ڕوونوێنی لە مووشەکی جۆراجۆر دەکات کە توانای تایبەتیان هەیە و باس لەوەش دەکەن کە درێژە بە چالاکییە مووشەکییەکانیان دەدەن.
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا تا ئێستا کۆمەڵێک گەمارۆی ئابووریی بۆ بەرەنگاربوونەوە لە دژی بەرنامەی مووشەکیی بالستیکی ئێران و چالاکییە تێکدەرانەکانی ئەو ڕێژیمەی لە ناوچەکەدا پەسند کردووە.
بەپێی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران مافی کەڵکوەرگرتنی لە مووشەکی بالستیک کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکیی هەبێت، نییە. هاوکات وڵاتانی دیکەش دەبێ لە فرۆشتنی کەلوپەلی سەربازیی و چەکوچۆڵ بە ئێران خۆبپارێزن.