جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئابووریی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران دەڵی: “دۆخی بژێویی خەڵک زۆر دژوارە و زۆربەی خەڵک جیا لە نان و پەنیر خۆراکی دیکەیان نییە”.
سەید “کازم مووسەوی”جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئابووریی مەجلیسی ڕێژیم، باسی گرانیی لەڕادەبەدەری کردووە و هۆکاری ئەو دۆخە نالەبارەی خستووەتە ئەستۆی دەسەڵات.
ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە، مەجلیسی یازدەهەم بە دروشمی “چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان” دەستی بەکار کرد، بەڵام دوای تێپەڕینی ٦ مانگ تەنیا گەڵاڵەیەکی ئابووری لەژێر ناوی “یارانەی دابینکردنی کاڵا سەرەکییەکان” جێبەجێ کردووە. لەو پێوەندییەدا لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران خەڵک بۆ کڕینی ڕۆن و برینج لە سەفی دوور و درێژی وەرگرتنی خۆراک ڕادەوەستن.
گرانبوونی سەرەکیترین پێداویستییەکانی خەڵک وەک نان، شیرەمەنی، قەند و چای، کێشەیەکی زۆری بۆ خەڵک دروست کردووە، ئەو کێشانەش لە جێی چارەسەرکردنیان تەنیا لەنێوان وادە و بەڵێنیی کاربەدەستانی ڕێژیمدا بە هەڵواسراوی ماونەتەوە و جێبەجی نەکراون.
دابەزینی بەهای تمەن لە بەرانبەر دۆلار بە یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی گرانبوونی نرخی خۆراک لە ئێران لەقەڵەم دەدرێت و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا کە بەردەوام تمەن بەهای خۆی لەدەستداوە و نرخی خواردەمەنی و پێویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵکیش ڕۆژ بە ڕۆژ گرانتر بوون و خەڵک توانای کڕینی شتوومەک و کەلوپەلی ڕۆژانەی ژیانیان نییە.