یەکێک لە دەسبەسەرکراوەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردووی شاری مەریوان کە لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بە سەردا سەپابوو و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو، دەسبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە بەڕێکراوە.
بە پێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی چوارشەممە ١٤ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، پشتیوان ئەفسەر، خەڵکی گوندی ” نێ” ی مەریوان، پاش بانگکران بۆ دادگای شۆڕشی سنە دەسبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمی پێنج ساڵ بەندکرانی، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گوازرایەوە.
پشتیوان ئەفسەری خەڵکی گوندی نێ لە ناوچەی مەریوان، رۆژی سێشەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای مەریوانەوە دەسبەسەر و پاش مانگێک لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای شەهرامفەری سنە بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ئەو هاووڵاتییە کوردە بەفرانباری ساڵی رابردوو لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەر و ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران حوکمی ٩ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا. دواتر ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بۆ ۵ ساڵ کەم کرایەوە.