ئەندامێکی شوڕای ناوەندی کشتوکاڵی حکومەتی ئێران ڕایگەیاند کە نرخی کەمتر لە ٨ هەزار تمەن بۆ کڕینی گەنم ئەمنییەتی خۆراکی ئێران بەرەو هەڵدێر دەبات.
مەسعوود ئەسەدی ئەندامی شووڕای ناوەندی کشتوکاڵی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی: “ڕاگەیاندنی نرخی ٤هەزار تمەنیی دەوڵەت بۆ کڕینی هەر کیلۆیەک گەنم، نە تەنیا دەبێتە هۆی لەنێوچوونی بەشی کشتوکاڵ بەڵکوو ئەمنییەتی خۆراکی ئێرانیش دەخاتە مەترسییەوە.
ئەسەدی باسی لەوە کردووە کە لە دۆخی ئێستادا ئەمنییەتی خۆراک و خۆشبژێوی و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە ئێراندا گرنگییەکی زۆری هەیە و دەبێ دەوڵەت لەوبارەوە کەمتەرخەمی نەکات.
هەروەها ناوبراو ڕایگەیاند کە لە ئێستادا نەک هەر خەریکە کەمتەرخەمی دەکرێت بەڵکوو ئامانجی دەوڵەت ئەوەیە کەمیی بودجەی خۆی لە گیرفانی وەرزێران دابین بکات و ئەوەش لێکهەڵوەشانەوەی چینی وەرزێری بەدواوەیە.
شایانی باسە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو بوارێکدا تەنگی بە ژیانی خەڵک هەڵچنیوە و بە تەواوی دۆخی ئابووری وڵات داڕماوە و بەرپرسانی ڕێژیمیش بەدڵی خۆیان سەرانە لە خەڵکی هەژار و وەرزێر دەستێنن.