ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠ی کوردی (٤ی نۆڤامبری ٢٠٢٠ی زایینی) ڕێکخراوی “کوردستان دیالۆگ و دەزگای چاپەمەنیی جەمال عیرفان”، لە شاری سلێمانی بەبۆنەی ماڵاواییی مامۆستا جەلال مەلەکشا، شاعێر و نووسەری نەتەوەیی و خەڵکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێوڕەسمێکیان بەرێوە برد.
لەم ڕێوڕەسمەدا کۆمەڵێک لە نووسەران و ئۆگرانی شێعر و هونەردۆستان باسیان لە کەسایەتی و کاریگەریی شێعرەکانی مامۆستا جەلالی مەلەکشا کرد و یادی ئەو شاعیرە مەزنەی گەلەکەمانیان بەرز ڕاگرت.
لەم ئێوارە کۆڕەدا بەڕێز سۆران نووری ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەرپرسی بەشی پێوەندییەکانی حیزب لە سلێمانی بەسەرپەرستی هەیئەتێک بەشداری ئەو ئێوارە کۆڕە بوو.
مامۆستا جەلالی مەلەکشا شاعیری شیعری بەرگری وەک زۆر لە شاعیرانی کورد سادە و بێ پشتیوان ژیا بەڵام خۆشەویستی ئەوان بۆ هەتا هەتایە لەنێو دڵی خەڵکدا دەمێنێتەوە.
مامۆستا مەلەکشا ڕۆژی ١١ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی لە سنە کۆچی داویی کرد و بەهۆی ئەم بارودۆخەی کۆڕۆناش خەڵکێکی زۆر لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنیدا بەشدار بوون و بە دروشمی کوردانە و نیشتمانپەروەرانە و وتنەوەی سروودی ئەی ڕەقیب بە خاک سپێردرا.