وەزارەتی دادی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە ١٤ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، ڕایگەیاند کە ٢٧ماڵپەڕی ئێرانی بەهۆی هەوڵدان بۆ دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا داخران.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی نێوخۆ لە وڵاتی ئەمریکا ڕایگەیاند کە تائیستا هیچ شتێکمان بۆ ڕوون نەبۆتەوە کە هێزیکی دەرەکی بیهەوێت دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بکا.
لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی دادی ئەمریکا، هەواڵی داخرانی ٢٧ ماڵپەڕی ئێرانی کە هەوڵیان داوە دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکادا بکەن، بڵاو کردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی وەرزارەتی دادی ئەمریکا، ٤ ماڵپەڕ لەو ٢٧ ماڵپەڕەی کە داخراون لەو ماڵپەڕە سەرەکییانەن کە هەواڵی ناڕاست و چەواشەکارانە بڵاو دەکەنەوە و بیروڕای گشتی خەڵکی ئەمریکا بە لاڕێدا دەبەن.
جان ڕاتکلیف، بەرپرسی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕووسیەی بۆ هەوڵدان لە دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لە ئەمریکا تۆمەتبار کرد.
ڕاتکلیف، دەڵێ: “کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕووسیە، هەرکام بە شێوەیەکی جیاواز هەوڵدەدەن دەستیان بگاتە زانیارییەکانی دەنگدەرانی ئەمریکا و بیروڕای گشتیی خەڵکی ئەمریکا بە لاڕێدا ببەن.
هەروەها ناوبراو دەڵێ: “بەپێی ڕاپۆرتی دەزگای زانیارییەکانی ئەمریکا، ئەم وڵاتە گەیشتۆتە ئەو ئاکامەی کە ئێران و ڕووسیە بە شێوەی جیاواز دەستیان بە زانیارییەکانی لیستی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا گەیشتووە و سەرقاڵی دەستێوەردانن”.
ڕاتکلیف ڕایگەیاند کە بەپێی زانیارییەکانمان دەزگای دادوەری ئەمریکامان گەیاندۆتە سەر ئەو باوەڕی کە ماڵپەڕەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەوڵی دەستێوەردانن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا و دەزگای دادوەری ئەم وڵاتەش ٢٧ ماڵپەڕی ئێرانی داخست.