سوپای قودسی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بزووتنەوەیەکی نوێی شیعەی لە عێراق بە ناوی بزووتنەوەی “عەهدوڵلا” دامەزراند.
هاشم حەیدەری کەسایەتی ئایینی شیعە و نزیک لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دامەزراندنی بزووتنەوەی عەهدوڵلای لە عێراق ڕاگەیاند و بەم بۆنەوە گوتی: “دەبینە ڕۆڵەی عەهدوڵڵا و ئیمام خامنەیی و خومەینی لە عێراقدا”.
حەیدەری دەڵێ: “ئامادەین ببینە شوێنکەوتووی “عەلی سیستانی” گەورەترین مەرجەعی شیعەکان لە عێراق و لەم پێناوەدا گیانی خۆمان بکەینە قوربانی.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەیکە بزووتنەوەی”عەهدوڵڵا” نایهەوێت بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکا دەڵێ: “لە هەڵبژاردنەکاندا یارمەتی گەلەکەمان دەدەین کە کەسی شیاو و گونجاو بۆ بەڕێوەبردنی وڵات هەڵبژێرن”.
شایانی باسە کە سەرەڕای هەبوونی گرووپە چەکدارە ناسراوەکانی دیکە وەکوو” عەسائیب، نوجەبا و حیزبوڵڵا” و هێندێک گرووپی دیکە کە لەم دواییانەدا دامەزراون و چەندین گرووپی چەکدار لە عێراق، کە هەموویان نزیک لە ڕێژیمی ئێرانن و لەڕێگەی بەیاننامە و هێرشی چەکدارییەوە هەڕەشەیان لە هێزەکانی ئەمریکا و هاپەیمانان لە عێراق کردووە.
جێگای ئاماژەیە کە ڕێژیمی ئێران بە ردەوام بە پێکهێنانی میلیشیای چەکدار لە وڵاتانی عەرەبی بە تایبەتی عێراق لە هەوڵی دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی دیکە دایە بەمەبەستی بردنە پێشی سیاسەتە ئاژاوەگێرییەکانی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تێرۆریستی لەو میلیشیا چەکدارانە کەڵک وەردەگرێ کە ڕاستەوخۆ لە ژێر فەرمانی دەوڵەتی تارانن.
ڕێژیمی ئێران یەکێک لە گەورەترین و سەرەکیترین پشتیوانانی تێرۆریزمە لە جیهاندا و هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیرییە لە ناوچەکە و بە تایبەتی لە عێراقدا و ساڵانێکە لە دەستێوەردانەکانی لەو وڵاتە بەردەوامە و بۆتە هۆی کێشە و ململانێی تایفی و کوژران و بەکوشتدانی خەڵکی بێتاوان و تا ئێستاش درێژە بەو سیاسەتە نایاسایی و ئاژاوەگێرانەی خۆی دەدا.