ڕۆژنامەی “واشینگتۆن پۆست” بڵاویکردەوە کە بەرپرسانی ئەمریکا ئاشکرایانکردووە، ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەیەک ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ دەستەبەرکردنی دەستێوەرنەدانی ڕێژیمی ئێران لە هەڵبژاردنەکانی ئێستای سەرۆککۆماریی ئەمریکا.
لەو ڕۆژنەمەیەدا هاتووە کە، لە دوو هەفتەی ڕابردوودا، بەتایبەت هەندێک ڕێوشوێن لە دژی دەستێوەردانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەڵبژاردنەکان گیراونەتەبەر.
ژێنڕاڵ پۆل ناکاسۆنی بەڕێوەبەری ئاژانسی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا و فەرماندەی ئەلیکترۆنی سپا، بۆ “ڕۆژنامەی واشینگتۆن” قسەی کردوە، و وردەکاری لەسەر ڕێوشوێنەکان ئاشکرا نەکردووە بەڵام گوتوویەتی دڵنیام لەوەی ڕێوشوێنی توندمان لە دژی دوژمنەکانمان گرتووەتە بەر بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەوان نەتوانن دەست بخەنە ناو هەڵبژاردنەکانمانەوە.
وەک ئەوەی بەرپرسەکان بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە، ڕێوشوێنەکان بەتایبەت لە دژی هەندێک هێرشی سایبێری ئێرانی گیراونەتەبەر، کە سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانن، ئەمەش دوو حەوتوو لە پاش کارکردنی ئەوان بە ناردنی ئیمەیلی هەڕەشەئامێز بۆ دەنگدەرانی ئەمریکایی و بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی بۆ تێکدانی ڕەوشی پرۆسەی دەنگدان.
بەڕێوەبەری ئاژانسی ئەلیکترۆنی ڕوونیکردۆتەوە، ئاژانسەکەیان ماوەیەکی بەرچاو چاودێری هاککەرە ئێرانییەکانی کردووە و پێشبینی دەستێوەردانی ئەوانی لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە.
پێشتر لە دوای گەیشتنی ژمارەیەک ئیمەیلی هەڕەشەئامێز بۆ دەنگدەرە ئەمریکاییەکان، جۆن ڕاتکلیف، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکایی، دەستێوەردانی هاککرە ئێرانییەکانی لە کارەکە ڕاگەیاند و ئاشکرایکرد ئەوان بەناوی گرووپێکی تووندڕەو کارەکەیان ئەنجامداوە.
ڕۆژنامەی “نیویۆرک تایمز” ئاشکرایکردووە، بەرپەرچدانەوەی ئاژانسە ئەمریکاییەکە لە دوای هەڵبژاردنی بەرایی ساڵی ٢٠١٨ەوە دەستیپێکردووە و تاکوو پەسەندکردنی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی سەرۆکایەتی بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەری ئاژانسی ئەلیکترۆنی ئەمریکا گوتویەتی، کارەکانی ئەوان بۆ ڕۆژانی دوای هەڵبژاردنیش بەردەوام دەبێت، ئەوەشی خستووەتە ڕوو ئاستی هەوڵدان بۆ دەستتێوەردانی بیانی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ، بە بەراورد بە دوو ساڵ لەمەوبەر، بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و ئەمەش بەهۆی ئامادەیی دامەزراوە ئەمریکاییەکان بۆ ڕێگرتن لە هەر دەستتێوەردانێک لەبەرچاوگیراوە.
ئەوە یەکەمجار نییە ئەمریکا باس لە هەوڵی دەستتێوەردانی هاککەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی وڵاتدا دەکات، لە کاتێکدا ڕۆژی سێشەممە ١٣ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەستیپێکرد. ڕکابەریی توند بۆ گەیشتن بەکۆشکی سپی لە نێوان جۆ بایدن، بەربژێری پارتی دێموکرات و دۆناڵد ترامپ، بەربژێری پارتی کۆماریدایە.
ژێنڕاڵ پۆل ناکاسۆنی، هۆشداریدا لەوەی نزیکیی جیاوازیی دەنگەکان لە نێوان هەردوو بەربژێری سەرۆکایەتی، لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ، بەستێنێکی لەبار بۆ دەستتێوەردانی لایەنە دژبەرەکان دەخوڵقێنێت و دووپاتیکردەوە لەو کاتەدا دوژمنە دەرەکییەکان هەوڵی ئەوە دەدەن کە دۆخەکە ئاڵۆز بکەن.