لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی “نا بۆ توندوتیژی دژ بە ژنان” ڕۆژی دووشەممە ١٢ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، ڕۆژنامەنووسانی ژن بە دەرکردنی بەیاننامەیەک باسکردن و گێڕانەوەی ئازاردانی جنسی یەکێک لە ڕۆژنامەنووسانی ژنیان پشتڕاست کردەوە و ئەم کارەیان بە توندی مەحکووم کرد.
ئەو ڕۆژنامەنووسانە لە سەرەتای بەیاننامەکەی خۆیاندا نووسیان کە سەرەنجامی ئازاردانە جنسییەکانی ژنانی رۆژنامەنووس گەیشتە نێو ڕاگەیاندنەکان و گێڕانەوەی ئازاردانی جنسی گەیشتە نێو بڵاوکراوە و ڕۆژنامەکان. ئەوەی کە لە لای هیچ یەک لە ڕۆژنامەنووسان شاراوە نییە ئەوەیە کە بە دەیان باسی دیکەی لەو شێوەیەمان بیستووە و تەنیا شاهیدی ئازاری بەشێکیان بووین و گێڕانەوەی بەشێک لە بەسەرهاتی ژنان چ لە ڕۆژنامەنووس و ژنانی دیکەمان لە لایەن پیاوانی دەستدرێژیکەر بیستووە و خۆشحاڵین کە ئێستا ئەو باسکردن و گێڕانەوەیە لە شوێنە خەڵوەتەکان هاتوونەتە دەرێ و بە ڕاگەیاندن کراون.
هەروەها لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، کە بە زیندانی ڕۆژنامەنووسان و جیابیران بە نێوبانگە، زۆربەی هەرە زۆری ژنانی ڕۆژنامەنووس و یەکسانیخواز لە لایەن رێژیمی ئێرانەوە ڕووبەڕووی دەسبەسەرکران، ئەشکەنجە، دەستدرێژی سێکسی و تەنانەت مردنیش بوونەتەوە و کاتی ئەوە هاتووە کە لەلایەن هەموومانەوە ئەم بێدەنگییە بشکێنین.
واژۆکەرانی ئەو بەیاننامەیە جەختیان لە سەر ئەوە کردەوە کە ئەوان لە لایەن بەشێکی بەرچاو لە ڕۆژنامەنووسان تووشی ئازادانی جنسی بوونەتەوە و خوازیاری ئەوە بوون لەو بارەوە بێدەنگ نەبن تا ئەو کەسانەی دیکەش کە بە شێوەیەک لە شێوەکان دەکەونە بەر ئازادانی جنسی بێدەنگی خۆیان بشکێنن. ئێمە بەشێکی زۆر لەو کەسانە دەناسین و بەداخەوە ژنانێکی دیکەش هەن کە ئەو دەستدرێژییانەیان قبووڵ کردووە و تا ئێستاش بێدەنگیان هەڵبژاردووە، بەڵام دەبوو هەموویان بزانن کە دەستدرێژکەر ناتوانێت بە لەداوخستنی ژنان خۆڵ لە چاوی قوربانیان بکا. ئێمە واژۆکەرانی ئەو بەیاننامەیە تا کۆتایی پشتیوانی لە یەک یەکی ئێوە دەکەین تا قسە بکەن و نەترسن.
ئەو ژنانە داوایان لە ڕۆژنامەنووسان کردوە کە مادام شاهیدی ئازاردانی جنسی لە نێوان کارمەندانی خۆیانن هاوکارییان بکەن و بێدەنگی بشکێنن و هەروەها ئێمە چاوەڕوانیمان لە بەرپرسانی بڵاوکراوە و ڕاگەیاندنەکانیش هەیە کە چاوپۆشی لە ئازاردانی جنسی و دەستدرێژی بەشێک لە بەرپرسانی پیاو بۆ سەر ژنان نەکەن.
بە دوای بڵاوبوونەوەی ئەم بەیاننامەیە لە لایەن ئەو ٢٣ ژنە ڕۆژنامەنووسە، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لە تویتێر بە ناوی ” نا بۆ تۆندوتێژی سێکسی بە دژی ڕۆژنامەنووسان” وەڕێکەوت کە دەنگدانەوەی زۆری لە مێدیاکاندا هەبوو و هەموو یەکسانیخوازان بە تێکڕا ڕێژیمی ئێران بە ڕیژیمێکی سەرەڕۆ و گەندەڵ ناو دەبەن کە بچووکترین بەها بۆ مافی تاکەکان دانانێ.