بەشێک لە کرێکارانی حەوتتەپە ڕایانگەیاند کە بەڕێوەبەرانی بەندیخانەی فەجری دیزفوول کرێکارە بەندکراوەکان لە بەندیخانە ئازار و ئەشکەنجە دەدەن.
بە وتەی ئەوان، ئەو کرێکارە بەندکراوانە لەلایەن بەڕێوەبەرانی بەندیخانەوە هەڕەشەیان لێکراوە کە ئەگەر درێژە بە مانگرتن بدەن دەیانگوازنەوە بۆ ژووری تاکەکەسی یان لەلایەن بەرپرسانی باڵای دادوەریەوە هەڕەشەیان لێکراوە کە سزای توندتریان بەسەردا دەسپێنێ.
هەروەها ڕایانگەیاند کە ئێمە خوازیاری ئازادی نوێنەری کرێکارانی خۆمانین، دز و گەندەڵەکانی ئەم وڵاتە بە هاوکاری دەزگای دادوەری و ناوەندە ئەمنییەتیەکان ئازادن و لە حەوتتەپە و شارەکانی دیکە جینایەت و کوشت و کوشتار دەکەن، بەڵام نوێنەرەکانی ئێمە کە ڕاستبێژ و داوای مافی کرێکاران دەکەن لەژێر ئاراز و ئەشکەنجەی بەندیخانەکاندان.
هەرشێوە دەرەنجامێکی خراپ لە مانگرتنی ئەم کرێکارانە یان هەر ڕووداوێکی نەخوازراو سەبارەت بە تەندروستی و گیانی ئەوان ڕووبدات ڕاستەوخۆ بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە لێی بەرپرسیارن و ئێمە لەم بارەیەوە هەڵوێستی پێویستمان دەبێ.
ئیبڕاهیم عەباسی مەنجێزی، مەسعوود حێیوەری، یوسف بەهمەنی و حەمید مۆمبینی، ئەو کرێکارانەن کە لە ناڕەزایەتی بە درێژەدانی بەندکردنیان لە بەندیخانەی دیزفوول مانیان لە خواردن گرتوە.
ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خەزەڵوەری ٩٩هەتاوی لە هەمبەر دەسبەسەرکردنی چوار کەس لە چالاکانی کۆمەڵگەی بەرهەمهێنان و پیشەسازی نەیشکەری حەوتتەپە، بەشێک لە کرێکاران لەم ناوەندە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
ئەم کرێکارانە لە دەربڕێنی ناڕەزایەتییەکانیاندا داوایان کرد کە یوسف بەهمەنی حێیوەری، ئیبڕاهیم عەباسی مەنجێزی، و حەمید موبینی چوار چالاکی بواری کرێکارین کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم دەسبەسەر و ڕاپێچی بەندیخانەی دیزفوول کراون، دەبێ ئازاد بکرێن.
شایانی باسە ئەم کرێکارانە ڕایانگەیاندوە کە ئێمە خوازیاری ڕاگرتنی کارەکانمان نین بەڵام بە مافی خۆمانی دەزانین کە پشتیوانی لە هاوکارانی بەندکراوی خۆمان بکەین.
کرێکاران هەروەها ڕایانگەیاند، ئێمە بە هێزی کار و بەڕێوەبردنی شیرکەتی خۆمان درێژە پێدەدەین، ئامانجی ئێمە ئازادی هاوکارەکانمانە کە لە بەندیخانەی دیزفوول بەند کراون.
هەروەها ڕایانگەیاند کە سەبارەت بەم بابەتە ڕۆژانە دوو کاتژمێر لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی شیرکەتی کۆدەبینەوە و داوای ئازادی هاوکارانمان دەکەین کە بێ هیچ تاوانێک لە بەندیخانەدان و سەرەڕای ئەوەش لە بەندیخانە ئازار و ئەشکەنجەیان دەدەن.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیران هیچکات مافی کرێکار و مافی مرۆڤی لەم وڵاتە نەپاراستووە ماوەی زیاتر لە چل ساڵە بەزۆری دەسەڵاتی خۆی بەسەر خەڵکی ئێراندا سەپاندووە و بەرپرسانی باڵای دەسەلاتەکەی بە ئاشکرا دزی و گەندەڵی دەکەن و مافی خەڵک دەخۆن کەچی کرێکارێک داوای مافی خۆی بکات دەسبەسەر و ئەشکەنجە و ئازاری دەدەن.