ئەندامێکی دێرینی حیزب و باوکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی حاجی “خاڵە مستە” لە شاری پیرانشار ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، حاجی”خاڵە مستە” ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکرات و باوکی شەهیدی فەرماندە “ڕەسووڵ مستە” بە هۆی نەخۆشییەوە بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد و دڵە پڕ لە هیوا و ئاواتەکەی لە لێدان کەوت.
شایانی باسە کە حاجی”خاڵە مستە” ئەندامیکی دێرینی حیزبی دێموکرات و کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و دێموکراتدۆست و جێگەی متمانەی خەڵکی ناوچەکە بوو و لە پێناو ئازادی گەل و نیشتمانەکەیدا جگەرگۆشەیەکی بە ناوی شەهید”ڕەسووڵ مستە” پێشکەش بە بارەگای ئازادی کوردستان کردوە.
جێگای ئاماژەیە کە شەهیدی فەرماندە “ڕەسووڵ مستە” فەرماندەیەکی قارەمان و چاونەترس و خۆشەویستی خەڵکی ناوچەکە بووە کە بەداخەوە لە شەڕێکی نابەرابەردا لە گەڵ دوژمنانی کورد و کوردستان شەهید بوو.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێرای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچی دوایی حاجی “خاڵە مستە” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و خزم و کەس و کاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.