هەیئەتێکی پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی کرد.
ڕۆژی سێسەممە 13ی خەزەڵوەر ( ٣ی نوامبر ٢٠٢٠ی زایینی) هەیئەتێکی پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان بە سەرپەرەستیی بەڕێز باپیر کامەلا، سکرتێری ئەم حیزبە سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانیان کرد و لەلایەن هەیئەتێکی ڕیبەرایەتیی حیزب بە سەرپەرەستیی بەڕێز خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێشوازییان لێ کرا.
لەو دیدارەدا باپیر کامەلا باسێکی لەسەر بارودۆخی ئاڵۆزی ئێستای جیهان و کاریگەرییەکانی پەتای کۆڕۆنا لەسەر ئاڵۆزییەکانی جیهان کرد. ناوبراو لە درێژەی قسەانیدا هەڵسەنگاندنێکی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکەی کرد و تیشکی خستە سەر گرینگیی سیاسەتی وڵاتان و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق و کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی باسەکانی ئەو دیدارەدا بەڕێز خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزب هەڵسەنگاندنێکی لەسەر بارودۆخی ئەمڕۆی جیهان و ناوچەکە و گرینگیی ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و سیاسەتی ئەمریکا لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناوچەکە کرد. بەڕێز عەزیزی تیشکی خستە سەر دەستێوەردانی دەوڵەتانی ناوچەکە لە کاروباری نێوخۆی عێراق و کاریگەریی ئەو دەستێوەردانە لەسەر مەسەلەی کورد و هەرێمی کوردستان.
دوو لایەن لە درێژەی دانیشتنەکەدا یەکڕیزی و یەکیەتیی و یەکگرتوویی کورد و هێزە کوردستانییەکانیان بە فاکتەرێکی گرینگ لەپێناو بەرژەوندییەکانی کورد ناو برد و پێداگرییان لەسەر پێوەندی و بەردەوامی دۆستایەتی دوولایەن کردەوە.