باوکی شەهیدێکی حیزبی دیموکرات لە ناوچەی شنۆ کۆچی دوایی کرد.
بە گوێرەی هەواڵێک کە بە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان گەیشتوە، شەوی هەینی لە سەر شەممە ٢٨ی سەرماوەز، مام ڕەسووڵ ئەحمەدی خەڵکی باڵاگیری ناوچەی شنۆ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
مام ڕەسووڵ مرۆڤێکی زەحمەتکێش، دڵسۆزو نیشتمانپەروەرو باوکی شەهیدی حیزبی دیموکرات، حەسەن ئەحمەدی بوو. شەهید حەسەن، پێشمەرگەی هێزی سمکۆ بوو کە دواتر وەک ئەندامی تەشکیلاتی نهێنیی حیزب درێژەی بە خزمەت دا. لە دەیەی شێستی هەتاویدا، کۆماری ئیسلامی هەوڵیدا سەربازە کوردەکان بۆ ڕووبەرووبوونەوە لە گەڵ هێزی پێشمەرگە بە کار بێنێ. بەم مەبەستە ژمارەیەکی بەرچاو لە سەربازە کوردەکانی ناوچەی لە پایگای نیزامیی گوندی دێشەمسدا، جێگیر کرد. حەسەن ئەحمەدی یەکێک لەو سەربازە کوردانە بوو کە کاتێک هێزی پێشمەرگە لە جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٥ ویستی دەست بە سەر ئەو پایگایە دا بگرێ، نەک شەڕیان لە گەڵ پێشمەرگە نەکرد بەڵکوو هاوکاریی پێشمەرگەکانیشیان کرد. هەر بە تاوانی شەڕنەکردن لە گەڵ هێزی پێشمەرگەو پێوەندی بە حیزبی دیموکراتەوە، حەسەن ئەحمەدیو ژمارەیەکی دیکە لەو لاوە کوردانە، زیندانی کرانو دوای ٣ ساڵ بەندکران، لە ڕەوتی کوشتاری بەندییە سیاسییەکان لە هاوین و پاییزی دا ١٣٦٧، ئێعدام کران.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی کۆچی دوایی مام رەسووڵ ئەحمەدی، سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەیان، خەڵکی باڵاگیرو هەموو ناوچەی شنۆیە دەکا.