هەواڵنێرانی بێسنوور كە رێكخراوێكی ناحكومییە، ڕایگەیاند، لەسەرەتای ئەم ساڵەوە ٣٢ ڕۆژنامەنووس و هاوکارانی ڕۆژنامەنووسان لە ناوەندەکانی ڕاگەیاندن كوژراون و ئەم ژمارەیە بە هەڵسەنگاندن لەگەڵ ساڵی پار كەمترە ئەویش بەھۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوەكە ھێشتا جێگای نیگەرانییە.
بەبۆنەی ڕۆژی جیھانی “كۆتاییھێنان بە تێپەڕین لە سزای ڕۆژنامەنووسان”، ڕێكخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور داوای لە “ئانتۆنیۆ گۆتێرس” بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان كرد، کە نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ پاراستنی رۆژنامەنووسان” دابنرێ.
لە ساڵی ٩٨ی هەتاوی لە جیھان ٤٩ ڕۆژنامەنووس كوژراون، ئەم ژمارەیەش بە بەراوەرد لەگەڵ ساڵی ٩٧ی هەتاوی كەمترە و ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی كوژراو لەو ناوچانەی ململانێیان لەسەرە بەهۆی چوون بۆ ئەو شوێنانە کەم بووەتەوە.
لە ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی كوژراو کەمبووەتەوە بۆ ٢٩ ڕۆژنامەنووس چونكە رۆژنامەنووسان بە ھۆی كۆرۆناوە ناچنە گۆڕەپانی شەڕەكان. رێكخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور ئاماژەی بەوەش كردووە، لە كۆتایی مانگی بەفرانباری ٩٨ی هەتاوی لەم بارەوە ئاکامی كۆتایی وەک ساڵانی پێشوو بڵاودەكاتەوە.
ئەو ڕێکخراوەیە هەروەها گوتیشی، لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ھەزار ڕۆژنامەنووس كوژراون و تاوانکارانی ئەو کردەوەیە سزا نەدراون و لە زۆر حاڵەتیشدا لێكۆڵینەوەی ڕاستەقینە نەكراوە و ڕێكارە نێونەتەوەییەکان لەم بارەوە كاریگەر نین.
یەكێتی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسان ھەڵمەتێكی ڕاگەیاند بۆ سەركۆنەكردنی ئەوانەی فەرمان دەدەن بە ئەنجامدانی تاوان دژ بە ڕۆژنامەنووسان و ھێشتا سزا نەدراون، ھەروەھا بۆ ھاندانی حكومەتەكان بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلە بە ئامانجی كۆتاییھێنان بە دەربازبوون لە سزا و پاراستنی ئازادی رۆژنامەنووسی.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا کە بە بەندیخانە ڕۆژنامەنووسان ناو دەبرێ، دۆخی کار و ژیانی ڕۆژنامەنووسان زۆر خراپە و ساڵانە ڕۆژنامەنووسان و جیابیران دەکوژرێن و ڕەوانەی بەندیخانەکان دەکرێن و مافەکانیان پێشێل دەکرێ.