پارێزگاری تاران و فەرماندەی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە تاران، لە نامەیەکی هاوبەشدا بۆ وەزیری نێوخۆ داوایان کرد کە ڕێوڕەسمی ١٣ی خەزەڵوەر هەڵبوەشێتەوە.
پارێزگاری تاران و فەرماندەی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕێوڕەسمی ١٣ی خەزەڵوەر بوون کە هەموو ساڵێک بەبۆنەی ڕۆژی قوتابی و هێرشکردنە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە ئێران بەڕێوە دەچێ.
هەواڵدەری ئیرنا ڕایگەیاند کە “شیروان موحسینیبەندپەی” و عەلیڕەزا زاڵی، لە نامەیەکی هاوبەش بۆ وەزیری نێوخۆ داوایان کردوە کە ڕێوڕەسمی ١٣ی خەزەڵوەر ڕۆژی خوێندکار ئەمساڵ بەهۆی پەتای کۆرۆناوە هەڵبوەشێتەوە.
لەم نامەیەدا نووسراوە کە، دۆخی کۆرۆنا لە پارێزگای تاران لە دۆخێکی مەترسیدار دایە و هەرشێوە کۆبوونەوەیەک دەبێتە هۆی تەشەنەسەندنی زیاتری کۆرۆنا و ئەم دۆخە مەترسیدارتر دەبێ و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ١٣ی خەزەڵوەر لە بەرژەوەندی وڵاتدا نییە.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە کۆماری ئیسلامیی هەمیشە لە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتی خوێندکاران نیگەرانە و ترسی ئەوەی هەیە کە کۆبوونەوەکە دژایەتی ڕێژیمی لێبکەوێتەوە هەر بۆیە بە هەر بیانویەک بێ دەیانهەوێ پێش لە کۆبوونەوەی خەڵک و بە تایبەت خوێندکاران بگرن. ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە بۆ ڕێوڕەسمی حوسێنییە لە ئێران بە هیچ هۆکارێک ڕێوڕەسمەکانییان هەڵنەوەشاندەوە کە لەو کاتەشدا پەتای کۆرۆنا وەکوو ئێستا تەواوی ناوچەکەی داگرتبوو.
شایانای باسە کە بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران پەتای کۆرۆنا دەکەنە بیانوو بۆ ئەوەی ڕێوڕەسمی ١٣ی خەزەڵوەر کە ڕۆژی خوێندکارانە بەڕێوەنەچێت چۆن گومان دەکرێ خەڵک لەو ڕێوڕەسمەدا دژ بەو ڕێژیمە درووشم بدات، دەنا خۆ لە کاتی مەراسمی “عاشووڕا و تاسووعا”شدا کۆرۆنا وەکوو ئێستا بەربڵاو بووە.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەنگی وەزاڵەهاتووی خەڵک دەترسێ بۆیە هەموو ڕێگەیەک دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی هەل بۆ خەڵک نەڕەخستێ و دەنگی ناڕەزایەتی بەرز نەبێتەوە.
ترسی کۆماری ئیسلامی لەوەیە کە ساڵی ڕابردوو لە هەمان مانگی خەزەڵوەردا بوو کە خۆپێشاندانێکی سەرانسەری دژ بەو ڕێژیمە کرا، لەو خۆپێشاندانەدا ڕێژیم بۆی دەرکەوت کە خەڵکی ئێران ئەو ڕێژیمەیان قەبووڵ نییە، بۆیە کاربەدەستانی ڕێژیم هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن خەڵک بە هیچ شێوەیەک کۆبوونەوە نەکەن و ئەم پەتای کۆرۆنایەش بوو بە بیانوویەک بۆ ڕێژیم تا پێش لە هەر جۆرە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییەک بگرن.