چوار بەندکراوی ڕاگیراو لە بەنددیخانەی ناوەندیی ئورومیە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان گوازرانەتەوە بۆ بەندی تاکەکەسی و بڕیارە حوکمی سێ کەسیان لە پێش چاوی خەڵک جێبەجێ بکرێت.
بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز) ، رۆژی چوارشەممە ٧ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، چوار بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کە حوکمی سێدارەیان بە سەردا سەپاوە بە مەبەستی جێبەجێ کرانی حوکمەکەیان بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراونەتەوە.
ناوەکانی ئەم بەندکراوانە بریتین لە “عەلی مەلەکی، یاسر پوور محەممەدی، مورتەزا حەیدەری و مووسا نێعمانی” تەمەن ٥٤ ساڵ کە ئەگەری ئەوە هەیە حوکمی ئەم بەندکراوانە بە زوویی جێبەجێ بکرێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی ناوەندیی”ورمێ”وە ڕایاگەیاند کە عەلی مەلەکی، یاسر پوورمحەممەدی و مورتەزا حەیدەری هاووڵاتیی ئازەرین و بڕیارە کە جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەیان بەبەر چاوی خەڵکەوە بێ.
ئەو سێ کەسە پێنج ساڵ لەمەوبەر لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەسبەسەر کران و حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپاوە.
هەروەها مووسا نێعمانی هاووڵاتیی کوردیی “ورمێ”یە و کە ناوبراویش بە تۆمەتی “کوشتنی بەئەنقەست” حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە.
شایانی باسە بنەماڵەی ئەو چوار بەندکراوە بۆ دوایین چاوپێکەوتنی رۆڵەکانیان بۆ بەندیخانە بانگ کراون .