جەلال ڕوستەمی هاووڵاتیی خەڵکی کامیاران کە ساڵی ڕابردوو لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیمی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، دەسبەسەر کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز) ، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، جەلال ڕوستەمی خەڵکی کامیاران بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی ٣٠ مانگەی حوکمەکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کراوە.
جەلال ڕوستەمی ڕۆژی پێنج شەممە ٢٣ی ڕەشەممەی ٩٧ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕامسەر لە پارێزگای مازەندەران دەسبەسەر و دوای نزیک بە ٣ مانگ بەندکران بە دانانی بارمتەی پێنسەد میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ناوبراو مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر “سەعیدی” بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێکی دژبەری ڕێژیمی ئێران حوکمی پێنج ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژ بە نیزام” حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە کە بە سەرنجدان بە یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکانی دەزگاکانی ڕێژیم، حوکمی پێنج ساڵ بەندکرانی ناوبراو بۆ جێبەجێ کردن دەبوو.
ئەو حوکمە دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بۆ ٣٠ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.