ئەندامێکی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە ئێران ڕایگەیاند کە خێرا بوونی گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسە ٩ هێندەی پێشوو زیادی کردووە.
ئەندامێکی کۆمیتەی ڕووبەڕووبوونەوە دژی پەتای کۆرۆنا لە ئێران بە بڵاو کردنەوەی هەواڵی بڕیاردان لە سەر داخرانی دوو حەوتووی تاران دەڵێ: “خێرا بوونی گواستنەوەی ڤایرۆسی پەتای کۆرۆنا ٩ هێندەی پێشتر زیادی کردووە و دەبێ تاران بە تەواوەتی دابخرێ”.
ڕۆژی دووشەممە ١٢ی خەزەڵورەی ٩٩ی هەتاوی، مەسعوود مەردانی، لە وتووێژێکدا لە گەڵ هەواڵدەری “مێهر” ڕایگەیاند کە بڕیاری کۆتایی لە سەر داخرانی دوو حەوتووی تاران، دەبێ لە لایەن بەرپرسانی باڵای ڕێژیمەوە بدرێ و هەروەها ڕایگەیاند کە گیانلەدەستدان بە هۆی پەتای کۆرۆناوە پێنج هێندەی ئەوەیە کە وەزارەتی تەندروستی بڵاوی دەکاتەوە.
مەردانی بە ئاماژە بەوەیکە ڤایرۆسی کۆرۆنا خێرا بوونی کرۆزۆمی هەیە دەڵێ: “خێرا بوونی گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسە ٩ هێندە بۆتەوە بە جۆرێک لە مانگەکانی ڕابردوودا لە بنەماڵەیەکدا یەک کەس تووش دەبوو و دوای دوو مانگی دیکە کەسێکی دیکە تووشی ئەو پەتایە دەبوو، بەڵام بە خێرا بوونی گواستنەوەی ٩ هێندەیی ئەم ڤایرۆسە لە ئێستا لە بنەماڵەیەکدا هەموو ئەندامانی بنەماڵەکە تووشی ئەم ڤایرۆسە دەبن”.
تەشەنە سەندنی پەتای کۆرۆنا لە ئێراندا لەوپەڕی خۆیدایە و جێگری بەشی دەرمانیی زانکۆی پزیشکی ئێران دەڵێ: “بە هۆی پەرەسەندنی پەتای کۆرۆناوە هەموو نەخۆشخانەکانی سەر بە ڕێژیم لە داڕمان نزیک بوونەتەوە”.
فەریبا مەلا جەعفەری، ڕایگەیاند کە بە هۆی هاتنی وەرزی سەرما و سەرهەڵدانەوەی پەتای ئانفۆڵانزا و نەبوونی ڤاکسێنی ئانفۆڵانزا و ماندوو بوونی کادری دەرمانی لە نەخۆشانەکان ڵە ماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا و لە تەنیشتیەوە چوونە سەری نرخەکان و هاتنەخوارەوەی داهاتی نەخۆشخانەکان ئەم وەزارەتەی لە داڕمان نزیک کردۆتەوە و هەروەها گوتی: “هەبوونی کێشەی دارایی لە نەخۆشخانەکان لە کاتی پەتای کۆرۆنا و چارەسەر نەکردنی لە لایەن بەرپرسانەوە، هەموومان بەرەو هەڵدێر دەبا”.