داود ئۆغڵوو گوتی: گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئورووپا و جیهان، فەرهەنگی سەرەڕۆییە کە لە لایەن ڕێبەرانی پۆپۆلیستەوە، پەرەی پێدراوە.
ئەحمەد داود ئۆغڵوو، سەرۆکی “حیزبی داهاتووی تورکیە” ڕۆژی دووشەممە ١٢ی خەزەڵوەی ٩٩ی هەتاوی، گوتی: “ڕەجەب تەیێب ئەردۆغان بۆ جیهان لە ڤایروسی کۆڕۆنا مەترسیدارترە”.
سەرۆکی حیزبی داهاتووی تورکیە هەروەها بە ڕەخنەگرتن لە سیستەمی سەرۆک کۆماری بە جێگای سیستەمی پارلمانی لەو وڵاتە گوتی: “سیستەمی سەرۆکایەتی جگە لە قەیران هیچ شتێکی دیکەی بۆ تورکیە پێ نەبووە”.
داود ئۆغڵوو، چەند رۆژ پێش و لە کاتی قسەکردن لە ئیستانبوڵ، جارێکی دیکە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد، حیزبی داهاتوو و هەموو گرووپەکانی دیکەی ئۆپۆزۆسیۆنی ئەو وڵاتە لە سەرەتای مانگی ڕابردوودا بە بەردەوامی باس لە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن.
زۆربەی دژبەرانی ئەردۆغان بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، دەڵێن: “ئەردۆغان ، تورکیەی ڕووبەڕووی تێکشکان و بێڕێزی وڵاتانی دەرەوە کردۆتەوە”.
داودئۆغڵوو چەند ڕۆژ لەوەپێش لە ئیستانبوڵ و لە نێو کۆبوونەوەیەکی ئەندامانی حیزبە نوێیەکەیدا گوتی: “تا ئەو کاتەی هاووڵاتیانی ئێمە هەژاری ببینن، گەندەڵی زیاتر بڵاو دەبێتەوە و ئابڕوی وڵاتەکەمان لە دەرەوە زیاتر کایەی پێ دەکرێت و بۆ جارێکی دیکە و لە ڕۆژانی داهاتووشدا ئەوە دەڵێمەوە کە ئێمە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەین.
داودئۆغلوو بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی دەرەوەی ئەردۆغان گووتی: “پێوەری دەوڵەتی عەشیرەیی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنە و پێوەری سیستەمی دێموکراسی لەسەر بنەمای هەڵبژاردنە”.