مامۆستا جەلال مەلکەشا گەورە شاعیری شێعری بەرگری لەنێو خەم و پەژارە و ئاپۆرای خەڵکی کوردستاندا بەخاک سپێردرا.
کوردستان لە ناشتنی تەرمی شاعێری بە هەڵوێست و دەستەمۆ نە کراو مامۆستا”جەلال مەلەکشا”دا پەیامێکی سیاسی گەورەی دا بە ڕیژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و سروود و پەیڤە کوردانە و شۆڕشگێرانەکانی مەلەکشایان دووپات کردەوە.
ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، تەرمی مامۆستا” جەلال مەلەکشا” سەرەڕای ناڕەزایەتی ڕیژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەرپرسانی حکوومەتی، لە نێو ئاپۆڕای خەڵکی هونەردۆستی سنە و هەموو شارەکانی کوردستان لە “مەلەکشا” بە خاک سپێردار.
شایانی باسە کە تەرمی پیرۆزی مامۆستا جەلال، بە وتنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب بە خاک سپێردرا و لەلایەن چەندین شاعێری بە هەڵوێستی گەلەکەمانەوە لە سەر گۆڕەکەی شێعر خوێندرایەوە و پەیامی هاوخەمییەکانی مامۆستایان ناسری ڕەزازی و عەزیز شارۆخ لە سەر گۆڕی پیرۆزی مامۆستا “جەلال” خوێندرانەوە.
جێگای ئاماژەیە کە ڕێزلێنان و بەرزڕاگرتنی یادی مامۆستای نەمر جەلال مەلەکشا بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پووستێر لە لایەن لاوان و خەڵکی نیشتمانپەروەری لەیلاخەوە لە شارەکانی دێولان، بڵواناوا و شارەدێی گدمیران و ئاواییەکانی دەوروبەر و چەند شوێنێکی دیکە بە ڕێوەچوو.
مامۆستا جەلال مەلکشا یەکێک لەو شاعیرە بە هەڵوێستانەی کورد بوو کە لە هۆنینەوەی شێعری بەرگریدا جێگە و پێگەی تایبەتی هەیە. مەلەکشا وەک زۆر لە شاعیرە نیشتمانپەروەرەکانی کورد سادە ژیا بەڵام بە شێعرەکانی و بە هەڵوێستەکانی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هەستی خەڵکی ئازادیخواز و مافخوازی کوردستان دانا.