بە پێی راپۆرتی ئیسنا “حەسەن ئیرلوو” باڵوێزی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، لە لاپەڕەی تویتێرەکەیدا بڵاوی کردەوە کە لاپەڕەی تویتێرەکەم بێ ئەوەیکە هیچ کێشەیەکم هەبێ داخراوە.
ئیرلوو، کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە وەکوو باڵوێز لە شاری”سەنعا” دانراوە و تا ئێستا هیچ پۆستیکی سیاسی نەبوو دەڵێ: ” بە پێی ئەو هەڕەشانە و ئەو زانیارییانەی کە لە عەرەبستانەوە بە دەستم گەیشتووە، ئەم وڵاتە بە پارە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتێری کڕیووە بە مەبەستی داخستنی لاپەڕەی بەرپرسەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران”. شایانی باسە کە باڵویزی تازەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە لای میلیشیا چەکدارە حووسییەکان، بەرپرسێکی پێشووی سپای قوودس و برای یەکێک لە فەرماندە گەورەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانە کە لە کاتی شەڕی نێوان ئێران و عێراقدا کوژراوە.
لەم پێوەندییەدا مۆرگان ئورتێگاس، وتە بێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران “حەسەن ئیرلوو”ی کە ئەندامی سپای پاسدارانی ڕێژیمە و کەسێکی نزیک لە حیزبوڵای لۆبنانە بە ناوی باڵوێز ناردۆتە لای حووسییەکان بۆ پەرەپێدان بە کارە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران.
ئۆرتێگاس، لە تویتێکدا دەڵێ: “ئامانجی ڕێژیمی ئێران بە کار هێنانی میلیشیا چەکدارە حووسییەکانە بۆ پەرەپێدان بە کارە تێرۆریستییەکانیان لە ناوچەکەدا و خەڵکی یەمەن دەبێ بە “ئیرلوو” و بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵێن نا”.
ئێران، بە ناردنی باڵوێز بۆ لای میلیشا حووسییەکان لە شاری”سەنعا” پشتیوانی سیاسی و سەربازی خۆی لە وڵاتی یەمەن بە مەبەستی دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکەدا زیاتر دەکا و ئەمەش بۆتە هۆی توڕەبوونی دەوڵەتی یاسایی یەمەن لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
شایانی باسە کە دەوڵەتی یاسایی یەمەن، داوای لە شووڕای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە کۆتایی بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە یەمەن بێنێ و ئیزن نەدەن کە ناوەندە دیپلۆماسییەکانی یەمەن لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بدریتە میلیشیا حووسییەکان.