دەستەیەک لە ئەندامانی پارلمانی کانادا، ڕۆژی شەممە١٠ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، داوایان کردوە کە سپای پاسدارانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بخرێتە نێو لیستی تێرۆرەوە.
سناتۆر لیندا فرۆم، ئەندامی پارلمانی کانادا، ڕۆژی شەممە ١٠ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، لە لاپەڕەی تویتێرەکەیدا بڵاویکردەوە کە هاووڵاتیانی کانادا لە لایەن دەستوپێوەندەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کە لە کانادا دەژین هەڕەشەیان لێ دەکرێ.
ناوبراو دەڵێ: “ئەم هەڕەشانە زۆر جیددی و مەترسیدارن و کاتی ئەوە هاتووە کە وڵاتی کانادا کۆماری ئیسلامی بخاتە لیستی تێرۆرەوە”.
بە دوای سناتۆر “لیندا فرۆم”دا سناتۆرێکی دیکەی کانادا داواکارە کە دەبێ سپای پاسدارانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بخەنە نێو لیستی تێرۆرەوە.
سناتۆر مایکل مۆستن، لە لاپەڕەی فەرمی تویتێرەکەیدا دەڵێ: “تاکەی دەبێ ئێمە چاوەڕێ بین تا دەوڵەتی کانادا سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بخاتە نێو لیستی تێرۆرەوە؟، ئەم کارە بە قازانجی وڵاتی کانادایە و دەبێ بە زووترین کات جێبەجێ بکرێ”.
شایانی باسە کە ئەمە جاری یەکەم نییە کە ئەندامانی پارلمانی کانادا، بە دژی سپای پاسداران و ڕێکخراوەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران و دەستێوەردانەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی جیهاندا هەڵوێست دەگرن.
پێشتریش ئەندامانی پارلمانی کانادا لە چەند بەیاننامەدا کوشتنی بە کۆمەڵ و ئێعدامکرانی زیندانیانی سیاسییان لە ساڵی ٦٧ی هەتاویدا “جینایەت بە دژی مرۆڤایەتی” ناو بردووە و ڕێژیمی تارانیان مەحکووم کردووە.
لە ساڵی ٩٢ی هەتاویشدا پارلمانی کانادا بە پەسەند کردنی گەڵاڵەیەک ئێعدام کردنی زیندانیانی سیاسی لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ساڵی ٦٧ی هەتاویدا بە”جینایەتی دژ بە مرۆڤایەتی” ناو برد و ئەم ڕێژیمەی مەحکووم کرد.
جێگای ئاماژەیە کە ئەم گەڵاڵەیە لە لایەن ڕێکخراوێکی چالاکی مافی مڕۆڤ لە کانادا لە ژێر ناوی کەمپەینی “ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵ کوژی و ئێعدام” بەڕێوەچوو کە گەڵاڵەکەیان پێشکەشی پارلمانی کانادا کردووە و وڵاتی کانادا یەکەمین وڵات بوو کە ئێعدامەکانی ساڵی ٦٧ی هەتاوی لە ئێراندا مەحکووم و شەرمەزار کرد و داوای سزادانی بڕیاردەرانی ئێعدامە کانیان کرد.
هەروەها ئەم گەڵاڵەیە پشتیوانی و کۆدەنگی هەموو نوێنەران و حیزبەکانی پارلمانی کانادای لە سەر بوو. ئەم پارلمانە کوشتنی بە کۆمەڵی زیندانیانی سیاسی ئیرانی لە هاوینی ساڵی ٦٧ی هەتاویدا، بە جینایەت بە دژی مرۆڤایەتی ناو برد و ئەم کردەوەی ڕێژیمی ئێرانی مەحکووم و شەرمەزار کرد.