“کاتێک جیهان به کروته‌ونی کاره‌سات ده‌چندرێ”
(ئه‌زموونی ئه‌ده‌بیی مامۆستا جەلال مه‌له‌کشا له نێوان به‌رده‌وام بوون و دابڕان‌دا)
ئه‌ی ڕێبواره غه‌ریبه‌که
به‌م‌لا و به‌ولا چاو مه‌گێڕه
خێڵ ڕۆییوه
ته‌نیا جێگه‌ی کوچکاورێک
به‌جێ ماوه له‌م هه‌واره
ئه‌م گه‌رداڵه
ته‌پ‌وتۆزی خۆڵه‌مێشی یاده‌کانه
ئه‌و چنووره کێویله‌یه‌ی
بۆی ده‌گه‌ڕێی
ئێستا گوڵێکی ده‌سته‌مۆی
نێو گوڵدانی خه‌ڵکی شاره
ئه‌م شێعره نه‌ک هه‌ر یه‌که‌مین شێعری جه‌لال مه‌له‌کشا بوو که خوێندمه‌وه، به‌ڵکوو یه‌که‌مین شێعری نوێی کوردی بوو که چاوم پێی که‌وت و بۆ من بوو به ده‌روویه‌کی ئه‌فسووناوی که بێ‌ئه‌وه‌ی خۆم هه‌ستی پێ بکه‌م ڕه‌کێشی کردمه ناو جیهانی شێعر و ئه‌ده‌بی کوردییه‌وه. ئێستا که بیری لێ ده‌که‌مه‌وه ده‌بینم وزه‌ی شاردراوه‌ی ناو ئه‌م شێعره و ئه‌و ڕاچڵه‌کانه‌ی تووشی کردم، له‌م ڕه‌کێش کردنه په‌نامه‌کییه‌دا و له دیاری کردنی ئاراسته‌ی گشتی خوێندنه‌وه‌کانی دواترم‌دا شوێنێکی به‌رچاوی هه‌بووه.
مه‌له‌کشا جگه له شێعر له دوو بواری دیکه‌ی چیرۆک و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیش‌دا کاری کردووه. به‌ڵام هێژموونی شێعر باڵی به‌سه‌ر کاره‌کانی تری‌دا کێشابوو. ده‌بێ سه‌رنج بده‌ینه ئه‌و خاڵه که ئه‌و هێژموونییه ناچاره‌کی هێژموونی شێعری مه‌له‌کشا نییه که کاره‌کانی تری کاڵ کردووه‌ته‌وه، به‌ڵکوو پێرۆزی و باڵاده‌ستییێکه که شێعر به‌گشتی له فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا بۆخۆی ته‌رخان کردووه. ئه‌وه له حاڵێک‌دایه چیرۆکی مه‌له‌کشا له که‌شی چیرۆک‌نووسی ساڵانی ده‌یه‌ی حه‌فتا و به‌ر له‌و، شوێنێکی به‌رچاوی بۆخۆی ته‌رخان کردبوو. له‌م باره‌یه‌دا وێک‌چوونێک له نێوان مه‌له‌کشا و سواره‌ی ئیلخانی‌زاده‌دا به‌رچاو ده‌که‌وێ. دوای ئه‌و چل ساڵه‌ی پاش مه‌رگی سواره، سواره له زۆربه‌ی ڕه‌خنه و لێکۆڵینه‌وه‌کان‌دا به سیفه‌تی شاعیر ده‌رده‌که‌وێ و سواره‌ی چیرۆک‌نووس و سواره‌ی ڕه‌خنه‌گر که‌م‌وزۆر باسیان لێ ناکرێ و په‌رده‌یه‌کی ته‌ماوییان به‌سه‌ردا کشاوه و تارماییه‌کییان لێ به‌جێ‌ماوه. ئه‌وه له حاڵێک‌دایه له‌لایه‌که‌وه ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی له‌م دیوه‌ی کوردستان‌دا به شێوه‌یه‌کی جیددی له‌ناو کاره‌کانی سواره‌دا چه‌که‌ره‌ی کرد و له‌لایه‌کی تره‌وه دوای یه‌که‌مین کورته چیرۆکه‌کانی حه‌سه‌نی قزڵجی، سواره به‌شێک له هه‌ڵسووڕانه ئه‌ده‌بییه‌که‌ی له بواری چیرۆک‌دا به‌تاقی کردووه‌ته‌وه. من له‌م یادداشته کورته‌دا زیادتر له‌وه‌ی به‌شوێن ته‌ته‌ڵه کردن و لێکدانه‌وه‌ی دیارده‌کان و گه‌ڕان به‌دوای هۆیه‌کان‌دا بم، به‌نیازی گه‌ڵاڵه کردن و خستنه‌ڕووی خودی دیارده‌کانم. یه‌که‌مین دیارده‌ی فه‌رهه‌نگی که پیوێسته به‌ر له ته‌ته‌ڵه کردن به شێوه‌یه‌کی دروست فۆرمۆلیزه بکرێ ئه‌وه‌یه: “زۆریه‌ک له ئه‌دیبانی ئێمه له به‌ره‌ی سواره‌وه بگره هه‌تا به‌ره‌ی مه‌له‌کشا، هه‌ر کامه‌یان پرۆلتێرێکی ئه‌ده‌بی بوون واته له زۆربه‌ی بواره ئه‌ده‌بییه‌کان‌دا کاری جیددی‌یان کردبوو، به‌ڵام سیمای شاعیرانه‌ی ئه‌و ئه‌دیبانه سیمای ڕه‌خنه‌گرانه و چیرۆک‌نووسانه و وه‌رگێڕانه‌یانی په‌راوێز خستووه و پاشقولی داون. ئه‌وه له حاڵێک‌دایه ئاستی به‌رهه‌می غه‌یره‌شێعری ئه‌و ئه‌دیبانه نزم‌تر له ئاستی شێعریان نییه.”
دیارده‌یه‌کی ئه‌ده‌بیی تریش، دیسان له به‌راورد کردنی سواره و مه‌له‌کشادا خۆ‌یا ده‌بێ که له پانتایی ئه‌ده‌بی کوردی‌دا دیارده‌یه‌کی به‌رچاوه. سواره به وردی ئاگای له ئه‌زموونی گۆران هه‌بوو. له وتاره‌کانی‌دا تازه‌گه‌ریی گۆرانی شی کردبووه‌وه و به‌رگری لێ کردبوو. سواره له کاتی خۆی‌دا پسپۆرێکی شێوازی گۆران بوو. به‌ڵام له شێعری خۆی‌دا که‌م‌وزۆر ئاوڕی له ئه‌زموونی گۆران نه‌داوه. شێعری نوێی سواره به ڕێچکه‌ی شێعری نوێی گۆران‌دا نه‌و شێعره‌ی مه‌له‌کشا بۆ سواره‌ی نووسیوه، “تاپۆی بوومه‌ڵێڵ” نموونه‌ی هه‌ره به‌رچاوی “شێعری نه‌سته‌ق‌خواز”ه.
شاعیر له شێعری نه‌سته‌ق‌خوازدا به دوای ئیده‌یه‌کی نه‌سته‌ق یا ئیماژێکی نه‌سته‌ق‌دا ده‌گه‌ڕێ و ئه‌و ئیده و ئیماژه له فۆرمێکی دانسته‌ی چڕ‌وپڕ به کێشی بڕگه‌یی‌دا جێ ده‌کاته‌وه و له کۆتاییشدا فۆرم و ناواخنه‌که به بزماری سه‌روا (قافیه) توند ده‌کا و وا ده‌کا شێعری نه‌سته‌ق‌خواز له فۆرم و ده‌ربڕین دا زۆر له “قسه‌ی نه‌سته‌ق” نزیک بێته‌وه. داهێنه‌ری ئه‌م شێوازه شێعره له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا عه‌بدوڵڵا په‌شێوه. به‌ڵام شێعری نه‌سته‌ق‌خواز له درێژه‌ی شێعری ئه‌ودیو و له‌سه‌ر ده‌ستی مه‌له‌کشاوه هاته ناو جوغرافیای شێعری کوردی ئه‌م دیو. ئه‌م شێوه شێعره ـ به‌ر له‌وه‌ی وه‌چه‌ی دوای مه‌له‌کشا ئاگادارانه لێی داببڕێ ـ بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر زه‌ین و بیری شاعیرانی داگیر کردبوو.
مه‌له‌کشا شێعری ئه‌وتۆی هه‌یه که له به‌شێکی شێعره‌که‌دا قۆڵی له قۆڵی گۆران دایه و له به‌شێکی تری‌دا ده‌ستی له‌ناو ده‌ستی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت دایه:
چه‌ند گه‌ڕاوم
له شار له دێ
له نیشتمان له بیانی
سوێند ده‌خۆم
نه‌مدیوه که‌س
وه‌ک تۆ کچێ
شه‌نگ و چه‌له‌نگ
له‌ناو کچانی دنیادا
هه‌ر تۆ جوانی
ناسینه‌وه‌ی سیمای “به‌سته‌ی دڵدار” ی گۆران له‌م به‌شه‌دا دژوار نییه. (لە ژێر ئاسمانی شیناـ لەپاڵ لووتکەی بەفرینا ـ کوردستان گەڕام ـ دۆڵاودۆڵ پێوام ـ نه له شار و نە له دێ ـ نەمدی کەس ـ وەک تۆ جوان بێ ـ تۆیت و بەس ـ کچه کوردێک دڵ پێی شاد بێ ـ وەک فریشتە و پەریزاد بێ)
ڕێک دوای ئه‌م به‌شه، جه‌لال هاوزمانی له‌تیف هه‌ڵمه‌ته:
بانگت ده‌که‌م
ده‌م پڕ ده‌بێ له شیله‌ی گوڵ […]
با‌نگم ده‌که‌ی
ئاسمان ده‌بێ
به چارشێوی گوڵ‌ئه‌ستێره و
دارستانی کپی ژیان
پڕ ده‌بێ له چریکه‌ی بولبول
ده‌بینین دابڕانێک له ئه‌زموونی سواره ڕووی داوه. ئه‌م زنجیره دابڕانانه له وه‌چه‌ی دوای مه‌له‌کشاش‌دا دیسان دووپات بووه‌وه و “نه‌ریتی دابڕان” هه‌ر درێژه‌ی کێشا. ئه‌م دیارده‌یه‌ش ده‌توانین به‌م شێوه‌یه گه‌ڵاڵه بکه‌ین: له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا ئه‌زموونی دابڕان له ئه‌زموونی به‌رده‌وام بوون ئاسایی‌تره. دابڕان له ئه‌ده‌بی گه‌لانی دیکه‌ش دا دیارده‌یه‌کی به‌رچاوه به‌ڵام جیاوازییه‌که‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بی کوردی له‌وه دایه له ئه‌ده‌بی گه‌لانی تردا له ڕه‌وتێکی سروشتی‌دا پتانسیه‌له ده‌ست‌لێ‌نه‌دراوه‌کانی نه‌ریتێکی زاڵ واتە نەریتی پێشوو زیاتر هه‌ڵده‌هێنجرێ. هه‌ڵبه‌ت له هه‌ر دوو به‌ستێن‌دا دابڕانه‌کان ئاگادارانه‌ن”.
نامهه‌وێ بڵێم له ئه‌ده‌بی گه‌لانی تردا دابڕان نییه. دابڕان و تیپه‌ڕاندن داینه‌مۆی گه‌شه‌ی ئه‌ده‌بیاته. به‌ڵام له‌م دابڕان و تێپه‌ڕاندنه داهێنه‌رانانه دوو دیارده‌ی گرینگ به‌رچاو ده‌که‌وێ:
یه‌که‌م، له‌ناو ئه‌ده‌بی پێشکه‌وتووی گه‌لانی‌تردا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تێپه‌ڕاندن و دابڕان هه‌یه، ئه‌زموونه ئه‌ده‌بییه‌کانیش به ده‌ست‌لێ‌نه‌دراوی و هه‌ڵنه‌هێنجراوی و وه‌ک پرۆژه‌ی نیوه‌کاره نامێننه‌وه.
دووه‌م، دابڕانه‌کان ئاگادارانه‌ن و دوای ڕۆچوون به‌ناخی ئه‌زموونه‌کانی پێشوودا ڕوو ده‌ده‌ن.
دابڕانی ئاگادارانه چ مانایه‌کی هه‌یه و چ جیاوازییه‌کی له‌گه‌ڵ دابڕانی نائاگادارانه و کوێرانه هه‌یه؟ له دابڕانی ئاگادارانه‌دا ئه‌دیبانی به‌ره‌ی تازه، به‌رهه‌می به‌ر له خۆیان بڕگه به بڕگه و جومگه به جومگه ده‌خوێننه‌وه و هه‌ر کاتێکی پێویست بێ ئه‌دیبه نوێخوازه‌کان به شاره‌زاییه‌وه ئه‌ده‌بی به‌ر له‌خۆیان شرۆڤه ده‌که‌ن. دیتمان ئه‌و پێودانه له شێعری سواره و له شێعری مه‌له‌کشادا به‌دی ده‌کرا.
ئه‌م ڕه‌وته به‌پێچه‌وانه‌ی ڕه‌وتی داکشانی و داڕمانی به‌ره به‌ره‌ی داهێنانی ئه‌ده‌بی‌یه. ئه‌م داهێنه‌رانه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئاگاداری ئه‌و بازدان (جهش) یا مۆتاسیۆنه‌ن که دروستیان کردووه، خۆیان و به‌رهه‌مه‌کانیان له ده‌ره‌وه‌ی مێژووی ئه‌ده‌بی و زه‌مینه‌ی فه‌رهه‌نگی گه‌لی خۆیشیان‌دا نابینن. به‌ڵام چه‌شنه دابڕانێکیش هه‌یه وا به بێ هیچ چه‌شنه ئاگادارییه‌ک له سامانی به‌ره‌کانی پێشوو و هه‌ر له جێ‌دا به هۆی ئه‌م نائاگادارییه‌وه ڕوو ده‌دا. لێره‌دا دابڕان، له خوێندنه‌وه‌وه سه‌رچاوه ناگرێ به‌ڵکوو له نه‌خوێندنه‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ. پێشه‌نگه‌کانی ئه‌م جۆره دابڕانانه جێگیر بوونی خۆیان له ده‌ره‌وه‌ی مێژووی ئه‌ده‌بی گه‌له‌که‌یان به “ده‌ست‌پێ‌کردنی مێژوویه‌کی تایبه‌ت” ته‌عبیر ده‌که‌ن.
ته‌نانه‌ت “خراپ خوێندنه‌وه‌ی چالاک”ی هارۆلد بلۆمیش به‌مانای ڕۆچوون به هه‌ناوی سامانی ئه‌ده‌بی مه‌وجوود و داهێنانی ئاراسته‌یه‌کی تری جودا له ئاراسته‌ی باو و به‌رده‌سته. وشه‌ی “خراپ” له ده‌سته‌واژه‌ی “خراپ خوێندنه‌وه‌ی چالاک” دا بارێکی مانایی ئه‌رێی هه‌یه نه‌ک بارێکی مانایی نه‌رێ و زیادتر به‌لای داهێنان و گۆڕینی ئاراسته، دوای خوێندنه‌وه‌یه‌کی ورد و ڕژددا ده‌شکێته‌وه. دابڕانی نائاگادارانه به بڕوای من نه‌ک هه‌ر له بارستای ئانترۆپی و پیریی ئه‌ده‌بی که‌م ناکاته‌وه به‌ڵکوو هه‌ر له درێژه‌ی ئه‌م ڕه‌وته دایه.
بابه‌تێکی زۆر پیویستی دیکه ئه‌وه‌یه که زاڵ بوونی تۆخی “که‌شی کافکایی” خاڵی هاوبه‌شی نێوان شێعر و چیرۆکی مه‌له‌کشایه. ناکرێ بڵێین ئه‌و شێوازه له چیرۆکی مه‌له‌کشاوه به‌زیوه‌ته ناو شێعره‌که‌یه‌وه یا به‌پێچه‌وانه. له به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی مه‌له‌کشادا به‌گشتی فه‌زای کافکایی زاڵه. ئه‌گه‌ر له من بپرسن خاڵی تاقانه و داهێنانی تایبه‌ت به جه‌لالی مه‌له‌کشا له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا کامه‌یه؟ ده‌ڵێم زاڵ بوونی که‌شی کافکایی له به‌رهه‌مه‌کانی‌دا. فۆرمی شێعری گۆران و شێعری دوای گۆران و به‌تایبه‌تی فۆرمی شێعری نه‌سته‌ق‌خواز، یان به ناواخنی ڕۆمانتیسمێکی ئه‌ویندارانه پڕ ده‌بووه‌وه یان به ڕۆمانتیسمێکی خه‌باتکارانه. مه‌له‌کشا فۆرمه‌که‌ی وه‌رگرت. تێمی خه‌بات و ئه‌وینیشی لانه‌برد، به‌ڵام فۆرمه‌که‌ی به ناواخنه‌که‌یه‌وه له که‌شێکی کافکایی هه‌ڵێنا و له‌ناو گێژاوی دڵه‌خورپه‌یه‌کی هه‌تاهه‌تایی‌دا خووساندی. له شێعر و چیرۆکی مه‌له‌کشادا ئه‌و ڕه‌شبینییه‌ی جێگای رۆمانتیسم ده‌گرێته‌وه تایبه‌ت به فڵانه شکسته یان فیساره کاره‌ساته نییه به‌ڵکوو به گشتی ژیانی مرۆڤ و ته‌نانه‌ت هه‌موو جیهان و گه‌ردوون ده‌ته‌نێته‌وه. له به‌رهه‌می مه‌له‌کشادا جیهان به کروته‌ونی کاره‌سات چندراوه.
(لە ماڵپەڕی ئەنجومەنی ئەدەبیی شنۆ وەرگیراوە)