کەسایەتییەکی خۆشناوی شاری کرماشان بە ناوی کاک “عەزیز مەقسوودی” و برای شەهید”حەسەن مەقسوودی” ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، چەند ڕۆژ پێش ئێستا کاک”عەزیز مەقسوودی” برای شەهید”حەسەن مەقسوودی” کەسایەتی خۆشناو لە کرماشان بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد و بۆ هەمیشە دڵە گەورەو پڕ لە هیواکەی لە لیدان کەوت.
شایانی باسە کە کاک “عەزیز” خاوەن کەسایەتییەکی بەرز و جیگای متمانەی خەڵکی کرماشان و بە تایبەتی ناوچەی “قەڵخانی” بووە و خەڵکی ئەو ناوچانە لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە متمانەی تەواویان بە ناوبراو هەبوو.
جێگای ئاماژەیە کە شەهید “حەسەن مەقسوودی” ناسراو بە کاکی حەسەن و برای کاک “عەزیز”ی خوالێخۆشبوو، پێشمەرگەیەکی فیداکار و قارەمانی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی کرماشان بوو کە بە داخەوە لە ڕێگای ئازادی گەڵ و نیشتمانەکەیدا گیانی خۆی پێشکەش بە بارەگای ئازادی کوردستان کرد.
لە لایەن ناوەندنی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێرای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچی دوایی کاک”عەزیز مەقسوودی” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم و کەس و کاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.