هەواڵنێری هێرانا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، کە ١٣ کەس لە بەندکاراوانی خۆپێشاندەرەکانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی لە بەندیخانەی “تارانی گەورە”، نیشانەی پەتای کۆرۆنایان پێوە دیارە لە هەموو خزمەتگوزارییەکی پزیشکی بێبەش کراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم بەندکراوانە لە دەسبەسەرکراوەکانی خۆپێشاندەرە سەرتاسەرییەکەی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوین و لە ڕۆژی پێنجشەممەوە لەرز و تاو، سەرگێژە، ئازاری جەستە و ژانەسەریان هەیە کە ئەمانەش لە نیشانەکانی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنان.
جێی ئاماژەیە، ئەمیر حوسێن مرادی یەک لەو بەندکراوە سیاسیانەیە کە ڕێژیمی ئێران حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاندوە، بەڵام لە هەڵمەتێکی گشتگیری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە دروشمی ” نا بۆ سێدارە” حوکمەکەی بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگیراوە.
ناوبراو لە ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی بە هۆی نیشانەکانی پەتای کۆرۆنا گوازرایەوە بۆ دەرمانخانەی تیپی ٢ی بەندیخانەکە.
بێجگە لەم بەندکراوە، ١٢ بەندکراوی دیکە ڕۆژێک دواتر بۆ تێستی کۆرۆنا نێردران بۆ تیپی ٢، بەڵام بێ ئاکامی تێستی کۆرۆنا و هەندێ حەب و دەرمانی هەڵامەتیان پێدان و گەڕێندرانەوە بۆ بەندیخانە.
شایانی باسە، دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ئێران، ئەم پەتایە بۆ هەندێ لە بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران بووبە پاساوێک تا لەو ڕێگەیەوە هەڕەشەی مردن لە بەندکراوانی سیاسی بکەن.
بۆ نموونە، هەمزە دروێش بەندکراوی سیاسی سوننی مەزهەب، ماوەیەک لەمەوبەر بە بڵاوکردنەوەی تۆمارێکی دەنگی ڕایگەیاند کە لە بەندیخانە ئەشکەنجە دەکرێت و لەلایەن کارمەندانی بەندیخانەوە هەڕەشەی لێکراوە کە دەبێ هاوکارییان بکات.
ناوبراو ئەوەشی خستە ڕوو کە گوتوویانە ئەگەر هاوکاریمان نەکەی دەتکوژین و دەڵێن بە پەتای کۆرۆنا مردوە.