ڕۆژی شەممە ١٠ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، فەریدە وەیسی چالاکی مەدەنی خەڵکی دێولان کە ساڵی ڕابردوو بۆ ماوەی دوو مانگ دەسبەسەر کرابوو، لە سەر لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینیستاگرام گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە لەگەڵ هاوژینەکەی بە ناوی “سیروس عەباسی” دانشیتنی دادگا بایکۆت دەکەن.
ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە کە ماوەی ٦٢ ڕۆژ دەسبەسەر کرابوو دەڵێ: بۆ ماوەی ٤٥ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیراوم و لەو ماوەیەدا بەردەوام چوار گڵۆپی سپی (مەهتابی) لە ژوورەکەمدا هەڵکراوە، لەحاڵێکدا من ماوەی ٢٢ ساڵە نەخۆشییەکی درێژ خایانم هەیە کە ڕووناکی گلۆپی سپی زیانی هەیە بۆم و هەر یەکەم شەویش ئەوەم پێیان ڕاگەیاندووە، بەڵام گرینگییان بە داواکەم نەداوە و لەو ٤٥ ڕۆژەدا بەردەوام ئەو گڵۆپانە لە ژوورەکەم هەڵبووە.
فەریدە وەیسی لەدرێژەدا باس لەوە دەکات کە بە زۆر ناچار کراوە لەپێش کامێرا دان بەو شتانەدا بنێت کە داوایان لێکردووە و بەجۆریک هێندێک قسەم دژ بە خۆم کردووە کە بنەمای نەبووە و تەنانەت بۆ هەر ڕەستەیەک ناچار کراوم چەندین جار دووپاتی بکەمەوە هەتا ئەوان چەندین جار ئەو وتانە تۆمار بکەن و ئەوەیان کە کارناسەکانیان پێیان باشە بڵاوی بکەنەوە.
ئەو چالاکە مەدەنییە لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا باس لەوە دەکات کە هەموو دڵخۆشییان ئەوە بووە لە دادگا بتوانن بەرگری بکەن لەخۆیان، بەڵام ئەو ئاوەها باسی دانیشتنی یەکەمی دادگایی کردنی خۆیان دەکات“ لە دادگادا دۆخێکیان زاڵ کرد کە ئێمە نەتوانین بەرگری لەخۆمان بکەین و وەها هەستم دەکرد کە دادوەر نیە، بەڵکوو پشکێنەری ئیدارەی ئیتلاعاتە و سەرلەنوێ خەریکە لێپرسینەوەمان لێدەکات. هەر بۆیەش کاتێک هاتنیە دەرەوە بڕیارمان دا لە دانیشتنی دووهەمی دادگا بەشداری نەکەین و تەنیا کاتێک بەشداری دەکەین کە دانیشتنی دادگا بە شێوەی دادپەروەرانە و ئاشکرا بەڕێوە بچێت.
شایانی باسە کە سیروس عەباسی و هاوژینەکەی فەریدە عەباسی ڕۆژی شەممە ٢٤ی بەفرانباری ٩٨ی هەتاوی، دوای ئەوەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دێولان هەڵیان کوتایە سەر ”ناوەندی پەروەردەی زانست“ دەسبەسەر و ئازاد عەباسی کە هەمان ڕۆژ بە مەبەستی بەدواداچوونی چارەنووسی ئەوان سەردانی بنکەی ئیتلاعاتی کردبوو، کەوتە بەر لێدان و کوتانی ئەو هێزانە و دەسبەسەر کرا.