مەعسوومە ئیبتکاردەڵێ: ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی هەندێک گرووپی تێرۆریستی بوون کە دەیانویست، چەکیان بە دەست کەوێت بەڵکوو بەم شێوەیە بتوانن بە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران ناڕەزایەتییەکی بەربڵاو بەرێوە ببەن.
جێگری سەرۆک کۆماری ڕێژیمی ئێران لە لێدوانێکی چاوەڕوان نەکراودا بەرگری لە بڕیاری تەقە کردنی فەرمانداری شاری قوودس لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاویدا دەکا، کە لە هەمان کاتدا ئەم بڕیارە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی هەموو خەڵکی ئێران و جیهان ببوەوە.
بە پێی راپۆرتی گۆڤاری “جەماران” مەعسوومە ئیبتکار، لە هەمبەر بڕیاری فەرمانداری شاری قوودس بۆ تەقە کردن لە خەڵکی ناڕازی دەڵێ: ئەوەی کە هەموو خەڵک پێکەوە ناڕەزایەتی دەردەبڕن ڕووی ڕاستییەکان دەشارێتەوە، ئەو ناڕازییانە هەندێک گرووپی تێرۆریستی بوون کە دەیانویست، چەکیان بە دەست کەوێت بەڵکوو بەم شێوەیە بتوانن بە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران ناڕەزایەتییەکی بەربڵاو بەرێوە ببەن.
ناوبراو لە درێژەدا بۆ بەرگریکردن لە فەرمانداری شاری قودس و ڕەوایی دان بە جنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێ: ئەوانە هێندێک خەڵکی ئاژاوەگێر و تێرۆریست بوون کە دەیانویست بەرژەوەندییەکانی ئێران ببەنە ژێر پرسیار و بەم جۆرە جەوێکی ناخۆش ساز بکەن بۆیە بڕیاری فەرمانداری شاری قوودس بڕیارێکی بە جێگە و درووست بووە.
شایانی باسە کە ئەمە یەکەمین جار نییە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ ڕەوایی دان بە کارە دژە مرۆییەکانی رێژیم بۆ سەرکوتی خەڵکی ناڕازی ئێران لە ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاویدا بەرگری لە خۆیان دەکەن ئەو مافە بە خۆیان دەدەن کە خەڵکی بێ دەرەتان و هەژاری ئێران بە توندترین شێوە سزا بدەن، پارێزگاری تارانیش هەر لەم پێوەندییەدا دەڵێ: تەقە کردن لە خەڵک بۆ بەرگری کردن لە خۆمان و نیزامی کۆماری ئیسلامییە لە بەرانبەر تێرۆریستەکاندا و بڕیاری فەرمانداری شاری قوودس بڕیارێکی بە جێ بووە.
جێگای ئاماژەیە کە فەرمانداری شاری قوودسی تاران لە کاتی ناڕەزایەتییە گشتییەکانی خەڵکی ئێران لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ی هەتاویدا، بڕیاری بە پۆلیسی فەرمانداری دابوو کە تەقە لە خۆپیشاندەرانی ناڕازی بکەن و بەو هۆیەوە دەیان کەس گیانیان لەدەستدا.