سەرکۆماری ئێران: بە هۆی تەشەنە سەندنی پەتای کۆرۆنا لە ئێراندا ڕایگەیاند کە لە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ بڕیاری سنووردارکردنی هاتووچۆ لە ٢٥پارێزگا و ٤٦شاری ئێران بەڕێوە دەچێ.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی “ئیرنا” ڕۆژی شەممە١٠ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، حەسەن ڕۆحانی لە ئاخرین دانیشتنی ناوەندی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە بڕیاری ناوەندی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا پێشتریش دەدرا بەڵام بە شێوەیەکی گشتی و درووست جێبەجێ نەدەکرا و یا هەر جێبەجێ نەدەبوو، هەر بەم هۆیەو ڕێبەری ئێران، بڕیاری سازکردنی ناوەندێکی فەرماندەری و چاوەدێری کردن بە سەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ناوەندی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنای دەر کردووە.
چەند ڕۆژ پێش سپای پاسدارانی ڕێژیم و فەرماندەکانی کۆبوونەوەیەکیان لە ژێر ناوی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بە مەبەستی بنبڕ کردنی ئەم پەتایە بەڕێوە برد.
فەرماندەی گشتی سپای پاسدارانی ڕێژیم لەم کۆبوونەوەیەدا دەڵێ: سپای پاسداران دەیهەوێت بە بڕیاری خامنەیی ٥٤ هەزار بنکەی بەسیج لەهەموو ئێراندا بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا دابمەرزێنێ.
بە پێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ڕێژیم کە باس لە مەترسیدار بوونی شەپۆلی سێهەمی کۆرۆنا لە ئێراندا دەکا و دەڵێ: ڕۆژی هەینی بە پێی ڕاپۆرتی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕێژیم، ئاماری ڕۆژانەی تووشبوان بە پەتای کۆرۆنا گەیشتە٨هەزار و ١١ کەس و هەروەها ٣٦٥ کەس بە هۆی ئەم پەتایەوە گیانیان لە دەستداوە.