پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی”عەباس مارابی” لە کامیاران ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی هەینی ١٠ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی”عەباس مارابی” خەڵکی گوندی ئاسنگەرانی سەر بە شاری کامیاران بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد و بۆ هەمیشە دلە گەورەکەی لە لێدان کەوت.
شایانی باسە کە کاک”عەباس مارابی” ناسراو بە “عەباس نامدار” لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاویەوە بۆتە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و چەکی بەرگری لە خاکی نیشتمان و نەتەوەکەی کردە شان و هەتا ساڵی ٦٢ی هەتاوی ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی بە جێگەیاندووە.
کاک عەباس مارابی لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی کە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بووە، زۆر دڵسۆز و تێکۆشەر و جێگای متمانەی خەڵکی ناوچەکە بووە وتا دوا چرکەساتەکانی ژیانی دڵە گەورە و پڕ لە هیواکەی پڕ بوو لە ئاوات و ئامانجی ڕزگاریی نەتەوە و نیشتمانەکەی کە بەداخەوە بەرلەوەی بگا بە ئاواتەکانی بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچی دوایی کاک”عەباس مارابی” سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و خزم و کەس کاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.