نیگار مەسعوودی ناسراو بە( ئاسۆ) وێنەگر و دەرهێنەری فیلمی “بەڵگەیی” و ڕۆژنامەوان، لە تاران، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
بەپێی هەواڵی چاونیوز ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی پێنج شەممە ٨ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، نیگار مەسعوودی کارناسی باڵای توێژینەوەی هونەر، لە ماڵی باوکی لە تاران لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ناوبراو، وێڕای گەڕان و پشکنینی ماڵەکەیان هەندێک کەلوپەلی کەسیی نیگار لەگەڵ خۆیان دەبەن.
نیگار مەسعوودی، ئەندامی ئەنجوومەنی وێنەرگرانی ئێران و براوەی خەڵاتی وێنەی دەستەی داوەران لە ساڵی ٩١ی هەتاوییە، هەروەها چەندین جار پیشانگای وێنەیی لە ولاتانی دەرەوە و بەشێک لە شارەکانی ئێران بەڕێوەبردووە یەکێک لە چالاکییە سەرەکییەکانی ئەو هونەرمەندە، بەداوداچوون بۆ کەیسی ئەو ژنانە بووە کە بوونەتە قوربانی تیزاب پێداکردن و لەم بوارەوە بەشێوەی جۆراوجۆر ناڕەزایەتی و چالاکیگەلێکی زۆری بەڕێوەبردووە.