مێرمنداڵێکی خەڵکی مەریوان و هاونیشتمانییەکی خەڵکی تیکاب لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.
بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان(چاونیوز)، ڕۆژی سێشەممە ٦ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان مێرمنداڵێکی تەمەن ١٤ ساڵی خەڵکی گوندی نێی ئەو شارەیان بە ناوی ”سینا نیک پەی” دەسبەسەر کردووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سینا نیک پەی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر کراوە.
ئەو مێرمنداڵە دوای دەسبەسەرکران بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە و تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە چارەنووسی ناوبراو نادیارە.
لە لایەکی دیکەوە هاونیشتمانییەکی خەڵکی تیکاب بە ناوی” حوسێن شێرزاد” بەبێ بەڵگەی یاسایی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لەو شارە دەسبەسەر بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە چاونیوزی راگەیاند کە لە کاتی دەسبەسەر کردنی حوسێن شێرزاد لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە زۆریان بێ ڕیژی پێکردووە و بە لیدان و سووکایەتی لە گەڵ خۆیان بردوویانە.
شایانی باسە کە تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هچ زانییاریەک لە چارە نووسی ناوبراو لە بەر دەستدا نییە.