مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە٦ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی” لە بەیاننامەیەکدا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی “ئازادی ئایینی ومەزهەبی” ڕایگەیاند کە ڕێژیمەکانی ئێران، چین و کورەی باکوور، پێشیلکاری سەرەکیی ئازادی مەزهەبین.
لەم بەیاننامەیەدا کە لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاو بۆتەوە هاتووە کە ٢٢ساڵ پێش لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆدا، ئەمریکا یاسای نێونەتەوەی ئازادی مەزهەبیی لە ساڵی ١٩٩٨ی زایینی پەسند کرد، کە ببێتە پشتگیرییەک بۆ بڵاو بوونەوە و بەرگری لە مافی بنەڕەتی ئازادی مەزهەبی بۆ هەموو خەڵک لە هەموو وڵاتانی جیهاندا.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە ئازادی مەزهەبی و ئەو شتانەی کە کەرامەتی مرۆڤەکان دەپاریزیت، لە سەرووی سیاسەتەکانی دەروەی ئەمریکایە و بەردەوامیش دەمێنێتەوە و هەموو جیهانیش لەم بڕیار و ئاکارەی ئەمریکا ئاگادارن.
پۆمپیئۆ دەڵێ: ڕێژیمەکانی ئێران، چین و کورەی باکوور، ئێستاش بەرچاوترین و مەترسیدارترین پێشێلکارانی ئازادی مەزهەبین و بە پەرە پێدان بە جیاوازی دانان لە نێو ئایین ومەزهەبەکانی دیکەدا خەڵکی وڵاتەکەیان بیدەنگ دەکەن.
ناوبراو دەڵێ: لە هەمووی خراپتر وڵاتی “چین”ە کە بەردەوام هەوڵی داوە کە ئەو ئایین و مەزهەبانە کە لەگەڵ بیروباوەڕ، پلانەکان، بەرنامەو پێڕەوی حیزبی کۆمۆنیستدا جیاوازییان هەیە لە ناو ببا.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە ئاماژە بە تەشەنە سەندنی پەتای کۆرۆنا لە هەموو جیهاندا و مەترسیدار بوونی ئەم پەتایە لە زیندانەکاندا دەڵێ: پێویستە ئەو کەسانەی کە لە سەر بیر و باوەڕە ئاینییەکانیان لە زیندانەکانی ڕێژیمی ئێراندان ئازاد بکرێن.
دەوڵەتی ئەمریکا لە چەند مانگی ڕابردوودا و بە پشتبەستن بە ئامارەکانی پێشێلکاری مافی مرۆڤ و ئازادی مەزهەبی ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران بەردەوام یەکێک لە سەرەکیترین پێشێلکارانی ئازادی مەزهەبی و مافی مرۆڤە بە تایبەتی لە سەر هاوڵاتییانی بەهایی و سوننە مەزهەبی ئێران.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ڕێژیمی ئێران بەردەوام،لە هەوڵی ئازار و ئەشکەنجەی باوەڕدارانی ئایینە جیاوازەکان لە ئێراندایەو بە توندترین شێوە سزایان دەدا.