خیرت ویڵدز، ڕێبەری حیزبی ڕاستی هوڵەند لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا، دوو کاریکاتۆری لەسەر ئەردۆعان، سەرۆک کۆماری تورکیە و دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بڵاو کردۆتەوە. لە یەکەمین کاریکاتۆرێکدا کە ڕۆژی شەممە، ٣ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی بڵاو بۆتەوە، دیمەنێکی ئەردۆغانە کە تیایدا بەشێوەی کڵاو، بۆمبێکی لەسەر ناوە و ناوی حیزبی دەسەڵاتدارای تورکیە” ئاکەپە”ی لەسەر نووسیوە و دەڵێ: ئەردۆغان تێرۆریستە.
لە دووهەمین کاریکاتۆردا کە ڕۆژی سێشەممە ٦ی خەزەڵوەر بڵاویکردەوە، دیمەنی کەشتیەک بە ئاڵای تورکیەی بڵاو کردەوە و لە سەرەوەی نووسیبوی” ماڵ ئاوا ئەردۆغان، تورکیە لە ناتۆ فڕیدەنە دەرێ.
لە لایەکی دیکەوە پارێزرەکانی سەرۆککۆماری تورکیە ڕۆژی سێشەممە، سکاڵایەکیان لەسەر ڕێبەری حیزبی ڕاستی هوڵەند تۆمار کردووە بەڵام دادگای هۆلەند دەڵێ: ئەو سکاڵایە جێگەی قەبووڵکردن نییە.
سەرۆک وەزیرانی هوڵەند ڕایگەیاندووە، ئەم سکاڵایە مایەی قەبووڵکردن نییە و پەیامێکم بۆ سەرکۆماری تورکیە هەیە، ئێمە لە هوڵەند ئازادی ڕادەبڕینمان هەیە و ئەوە بە گرینگترین مافی خۆمان دەزانین. ئەو ئازادییە کاریکاتۆری سیاسەتوانانیش دەگرێتەوە، ئێرە تورکیە نییە.