دوای نزیک بە ساڵێک لە شاردنەوەی ئاماری فەرمی قوربانیان و تووشبووانی کۆرۆنا، جێگری وەزارەتی تەندروستی ئاماری فەرمی پەتای کۆرۆنا ئاشکرا دەکات و دەڵێ: ئامارئ دروست و فەرمی زۆر زیاترە لەو ئامارەی کە دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندوە.
ڕەزا مەلەکزادە جێگری لێکۆڵینەوە و تێکنۆلۆژی وەزارەتی تەندروستی ڕێژیم، ئاشکرایکرد کە لانیکەم ٣٥میلیۆن کەسی ئێرانی تووشی پەتای کۆرۆنا بوون، ئەمە لە حاڵێکدا کە بە لانی کەمەوە پێنج هێندەی ئەو ئامارەیە کە ڕێژیمی ئێران بەشێوەی فەرمی بە خەڵکی ڕایگەیاندوە، شارەزایان دەڵێن ئەگەری زۆرە کە ژمارەی گیان لە دەستدرانیش بەهەمان شێوە زیاتر لە پێنج هێندەی ئاماری ڕاگەیەندراوی ڕێژیم بێت.
مەلەکزادە: بەپێی نوێترین لێکۆڵینەوەکان کە ئەم وەزارەتخانەیە ئەنجامی داوە، ئاکامەکەی ئەوەیە کە تا یەک مانگی ڕابردوو نزیکەی ٣٥میلیۆن کەس تووشی کۆرۆنا بوون.
ناو براو ئەوەشی زیاد کرد کە، هێشتا نزیکەی ٥٠میلیۆن ئێران تووشی ئەم پەتایە نەبوون بەڵام لەبەردەم مەترسی جددیدان.
هەروەها لە بارەی تەشەنە سەندنی گیان لەدەستدان و تووشبوانی کۆرۆنا لە وەرزی زستاندا گوتی: دڵەراوکێی ئێمە ئەوەیە بە هاتنی وەرزی زستان و ئەوەی کە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا زۆر زیاتر بووە، ڕووبەڕووی شەپۆلێکی گەورە لە تووشبوونی خەڵکی ئێران ببینەوە و لە ئاکامدا قوربانیی زۆر و چاوەڕوان نەکراوی لێدەکەوێتەوە.
مەلەکزادە هەروەها گوتیشی بەو ئاکامە گەیشتووین کە زۆربەی ئەو دەرمانانەی کە بەکار هێندراون نەک هەر باش نەبوون بەڵکوو زیانیشی هەبووە.