کۆمپانیای “مایکرۆسافت” ڕایگەیاند کە گرووپێک لە هەکێرە سایبێرییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، هەوڵیان داوە لە ڕێگای ئیمەیلی ساختەوە پەیامگەلێک بۆ سەد بەرپرس و کەسایەتی وڵاتانی جیهان لە ژێر ناوی” بانگهێشت کردنیان بۆ کۆنفرانسگەلێک لە وڵاتانی عەرەبستان و ئاڵمان” بنێرن و بەم شێوەیە ویستوویانە دەستیان بە زانیارییەکانیان ڕابگا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم ئیمەیلە ساختانەی هەکێرەکانی ڕێژیمی ئێران، لە ژێر ناوی بانگهێشت کردن بۆ کۆنفرانسی “ئاسایش” لە مۆنیخ لە مانگی داهاتوودا و کۆنفرانسی”تینک” لە عەرەبستان لە حەوتووی داهاتوودا بۆ کەسایەتیی و بەرپرسە ناودارەکانی وڵاتانی جیهان بەڕێکراوە.
کۆمپانیای مایکرۆسافت ڕایگەیاند کە هەوڵەکانی ئەم دواییانەی هەکێرەکانی ڕێژیمی ئێران پێوەندی بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لە ئەمریکا نەبووە و تایبەت بە ئامانجی کۆکردنەوەی زانیاری کە سەر کەسایەتی سیاسی و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان کراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی کۆمپانیای “مایکرۆسافت” بەرپرسانی ئەم کۆمپانیایە ڕایانگەیاند کە ئەم هێرشە سایبێریانە و ئیمەیلە ساختانەی هەکێرەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر کەسایەتییەکان و بەرپرسانی جیهانی،مەبەستدار بووە و دەبێ پێش بەم جۆرە سەرەڕۆییانەی ڕێژیمی ئێران بگیردرێ و بە توندترین شێوە ئەو هەکێرانە سزا بدرێن.