باوەڕدارانی ئایینی یارسان کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا نیشتەجێن، پیرۆزبایی جێژنی خاوەنکارتان لێدەکەم و هیوادارام ساڵێکی دیکە لە ئێرانێکی ئازاد و دێموکراتیکدا لە تەنیشت گەلانی دیکەی ئێران بە ئازادانە ڕێوڕەسمی جێژینی خاوەنکار لە لایەن پێڕەوانی ئایینی یارسان بەڕێوەبچێ.
زیاتر لە چل ساڵە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی نیزامی کۆماری ئیسلامیدا بێجگە لە مەزهەبی ڕەسمی ئەو نیزامە، بە یاسا ئایین و ئایینزاکانی دیکە پەڕاوێز خراون و لە لایەن دەزگای ئەمنییەتیی ئەو نیزامەوە دەچەوسێندرێنەوە و ئیزنیان پێنادرێ ئازادانە ڕێوڕەسمە ئایینییەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن و ئایینی یارسانیش یەکێک لەو ئایینانەیە کە لە یەک کاتدا باوەڕدارانی دوو جار لە بواری ئایینی و نەتەوایەتییەوە دەچەوسێندرێنەوە.
پێکهێنانی حکوومەتێکی دێموکراتیک و فرەچەشن لەسەر بنەمای جیایی دین لە دەوڵەت، ئامانجی حیزبی دێموکراتی کوردستانە و بۆ پێکهێنانی دەسەڵاتێکی ئاوا پێویستە هەموو پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ جیاوازیدانان لە ئایین و بیروبۆچوون هاوکار و پشتیوانی یەکتر بین بۆ بەگژداچوونەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
پیرۆزبایی دووبارەی جێژنی خاوەنکار لە باوەڕدارانی ئەو ئایینە دەکەم و دڵنیام بە یەکگرتوویی دەتوانین کۆمەڵگەیەکی دێموکڕاتیک کە لەودا مافەکانی مرۆڤ بێ جیاوازیدانان لە ئایین و بیروبۆچوون ڕێزیان لێدەگیرێ، پێک بێنین.
خالید عەزیزی
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
8ی خەزەڵوەری 1399ی هەتاوی بەرانبەر بە
29ی ئوکتۆبێری 2020ی زایینی