کۆمپانیای ئۆتریشی” ڕۆتاکس” کە یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەرەکانی کەرەستە و ماتۆری فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانە و فرۆشیاری سەرەکی کەرەستەی فڕۆکە بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانە، بە هۆی گەمارۆ تازەکانی ئەمریکاوە بازرگانی کردنی لە گەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرت.
دوای ئەوەیکە ئەمریکا شەوی دووشەممە ڕایگەیاند کە گەمارۆگەڵێکی تازەی بە سەر چەند کەسایەتی و ڕێکخراوی ڕێژیمی ئێران وەکوو پیشەی نەوت، سپای پاسداران و کۆمپانیاکانی گواستنەوەی نەوت سەپاندووە، کۆمپانیای ئۆتریشی”ڕۆتاکس” ڕۆژی سێشەممە٦ی خەزەڵوەری٩٩ی هەتاوی، ڕایگەیاند کە فرۆشتنی ماتۆڕی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بازرگانیکردنی لە گەڵ سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ڕاگرتووە.
هەوڵەکانی کۆمپانیای”ڕۆتاکس” بۆ ڕاگرتن و فرۆشتنی کەرەستە و ماتۆڕی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لە هەمبەر پێبەند بوونی ئەم کۆمپانیایە بۆ سەپاندی گەمارۆ تازەکانی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران هاتۆتە ئاراوە.
پێشتر مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاندبوو کە هەر کۆمپانیایەک لە گەڵ ئەو ڕێکخراوانەی ڕێژیمی ئێران کە گەمارۆیان خراوەتە سەر بازرگانی و کڕین و فرۆشتن بکا و بیهەوێت گەمارۆکانی ئەمریکا دەور لێبداتەوە لە لایەن ئەمریکاوە گەمارۆی قورسی دەخرێتە سەر و سزا دەدرێ.
جێگای ئاماژەیە کە ماتۆڕەکانی بەرهەمهێنراوی ئەم کۆمپانیا ئۆتریشییە، ئێستاش لە لایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە بۆ بەرهەمهێنانی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە بە مەبەستی هێرش کردنە سەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ناوچەکە دەیدات بە میلیشیا چەکدارە حووسییەکان کەڵکی لێ وەردەگیردرێ.
سپای پاسدارانی ڕێژیم پێشتر وتبووی کە هەموو ئەو کەرەستە و تێکنۆلۆژیایەی کە لە بەرهەمهێنانی فڕۆکەبێفڕۆکەوانەکاندا کەڵکی لێ وەردەگیردرێ بەرهەمی نێو خۆیی و سەنعەتی سەربازی سپای پاسدارانن، بەڵام ئێستا بە ڕاگەیاندن و ڕاگرتنی فرۆشتنی ماتۆڕ و کەرەستەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە لایەن کۆمپانیای ئۆتریشی”ڕۆتاکس”ەوە دەرکەوتووە کە گرنیگترین بەشی سەنعەت و تێکنۆلۆژیای سپای پاسدارانی ڕێژیم لە دەرەوە هاوردە دەکرێ.