کاک عەزیزخانئەحمەدی، باوکی ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان و شەهیدێکی حیزب لە بۆکان ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ٦ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، کاک “عەزیزخانئەحمەدی” باوکی کاک “محێدین خان ئەحمەدی” ئەندامی دڵسۆز و چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، بە هۆی نەخۆشییەوە بۆ هەمیشە دڵە گەورەو پر لە هیواکەی لەلێدان کەوت و ماڵاوایی لە ژیان کرد.
شایانی باسە کە کورێکی دیکەی کاک عەزیز بە ناوی’ هەمزە خانئەحمەدی” لە پێناو گەیشتن بە ڕزگاری نەتەوەکەی و بەرگری لە نیشتمان لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا گیانی خۆی پێشکەش بە بارەگای ئازادی کوردستان کردووە.
کاک عەزیز، کەسیکی خۆشناو و جێگای متمانەی خەڵکی بۆکان بووە و بەردەوام ماڵەکەیان جێگای حەسانەوەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بە تایبەتی هێزی”بەیان”ی بۆکان بووە و بە ردەوام خزمەتی بە گەڵ و نیشتمانەکەی کردووە.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچی دوایی کاک”عەزیزخانئەحمەدی” سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزیان و خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.