ێلیۆت ئابرامز، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا، بۆ کارو باری ئێران دەڵێ: ئەگەر “جۆبایدێن” لە هەڵبژاردنەکانی حەوتووی داهاتوودا ببێتە سەرۆک کۆماری ئەمریکا، کارێکی ئاسانی لە بەردەم نییە بۆ لابردنی گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران.
ئابرامز جەختی لە سەر ئەوەکردەوە کە لابردنی گەمارۆکانی ئەمریکا بە دژی ڕێژیمی ئێران، بە تایبەتی ئەو گەمارۆیانەی کە لە دەرەوەی ڕێککەوتنی “بەرجام” بە سەر ئەو ڕێژیمەدا سەپاوە، کارێکی هەروها ئاسان نییە و کاتێکی زۆری دەوێ تابتوانێ گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران لا ببا.
ناوبراو دەڵێ: ئەو کەسانەی کە پێیان وایە “بایدێن” حەوتووی داهاتوو دەبێتە سەرۆک کۆماری ئەمریکا و لە ماوەی ٢یان ٣ ڕۆژدا هەموو گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران هەڵدەوەشینێتەوە، دەبێ ئەوە بزانن کە ئەگەریش بیانهەوێت گەمارۆکانیش لەسەر ڕێژیمی ئێران هەڵبوەشێننەوە ناتوانن و ئەمە کارێکی ئاسان نییە.
ئابرامز دەڵێ: شێوازی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران هێندە بەربڵاو و پلانمەندن کە دەتوانێ بۆ ماوەیەکی دوور و دڕێژ بمێنێتەوە.
ناوبراو دەڵێ: هێندیک لەم گەمارۆیانە لە ساڵی ١٩٧٩ی زایینیەو هەبوون و هیچ پێوەندییەکیان بە بەرنامەی ناوکی ڕێژیمی ئێرانەوە نییە، هێندێک لە گەمارۆکانێش لە ژێر یاسای ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ تێروریزم بە سەر ئیراندا سەپاوە و بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم گەمارۆیانە دەبێ ئەو ڕاستییە دەرکەوێ کە ئێران وڵاتێکی تێرۆریست نییە و پشتیوانی لە تێرۆریزم ناکا، کە ئەمەیان زۆر قورسە و بۆ هەموو جیهان دەرکەوتوو کە ڕێژیمی ئێران ڕێژیمێکی تێرۆریستە و پشتیوانی لە تێرۆریزم لە هەموو جیهاندا دەکا.