ڕۆژی دووشەممە ٥ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ڕێژیمی ئێراندا سەپاند کە زیاتر کۆمپانیا نەوتیەکانی ئەو وڵاتەی کردۆتە ئامانج و وەزارەتی نەوتی ئێران لە لیستی ئەو گەمارۆیانە دایە کە ئەمریکا بەسەریدا سەپاندوون.
ئەمریکا دەڵێت، سزاکان بەوهۆیەوەیە کە کۆمپانیای نەوتی ئێران هاوکاریی گرووپی چەکداری قودسی سەر بە سپای پاسدارانیان کردووە کە ئەو گرووپە لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە لیستی ڕەشەوە.
لە سزا نوێیەکانی ئەمریکا، وەزیری نەوتی ئێران، کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران و کۆمپانیای نیشتمانیی گواستنەوەی نەوتی ئێران خراونەتە لیستی ڕەشەوە.
ستیڤێنمنوچێن، وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا، لەبارەی سزاکانەوە ڕایگەیاند، ڕێژیمی ئێران کۆمپانیای نەوت بەکاردێنێ بۆ پاڵپشتیی سپای پاسداران و چەکدارەکانی سپای قودس.
لەو کاتەوە کە دۆناڵد تڕامپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی لە رێککەوتننامەی ناوکی ئێران کشایەوە کە لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی و لە سەردەمی ئیدارەی ئۆباما واژۆ کرابوو، ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوام لە زیادبووندان. ئەمریکاش سیاسەتی “ئەوپەڕی گوشار” دژی ئێران و ئابوورییەکەی پەیڕەو دەکات.