ڕۆژنامەی ساندی تایمزی بریتانیا: بازرگانە کوژراوەکەی وڵاتی ئیتالیا، خەڵکی ئێرانەوە فرۆشیاری چەکوچۆڵ بە ڕێژیمی ئێران بووە.
پۆلیسی ئیتالیا کوژرانی سەعید ئەنساری فیرووز، کوڕی باڵوێزی ڕێژیمی پەهلەوی لە ئیتالیا و یەکێک لە بازرگانە قاچاخچییەکانی چەکوچۆڵ و فرۆشیاری سەرەکیی چەکوچۆڵ بە ڕێژیمی ئێرانی پشتڕاست کردەوە.
ڕۆژنامەی بریتانیایی “ساندی تایمز” ڕۆژی دووشەممە ٥ی خەزەڵوەری٩٩ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە ئەو بازرگانەی حەوتووی ڕابردوو تەقەی لێکراوە و لە ئیتالیا کوژرا بوو ئێرانییە و یەکێک لە فرۆشیارانی چەکوچۆلی قاچاخ بە ڕێژیمی ئێران بووە.
ئەم ڕۆژنامەیە لە ڕاپۆرتەکەیدا بە ئاماژە بە سەرچاوەی زانیارییەکانی پۆڵیسی ئیتالیا دەڵێ: سەعید ئەنساری فیرووز، یەکێک لە دەڵاڵان و بازرگانە نێونەتەوەییەکانی فرۆشتنی چەکوچۆڵی قاچاخە کە لە وڵاتی ئیتاڵیا دەژیا.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ساندی تایمز، ئەنساری یەکێک لە کەسە نزیکەکان بە گرووپی مافیای”کالابێری” ئیتالیا و قاچاخچییەکانی چەکوچۆڵی ڕووسی بووە و هەروەها یەکێک لە فرۆشیار و قاچاخچییە گەورەکانی چەکوچۆڵ بە ڕێژیمی ئێران بووە.
ئەم ڕۆژنامە بە ئاماژە بەوەیکە “سەعید ئەنساری فیرووز” تەمەن ٦٨ساڵ و کوڕی باڵوێزی ڕێژیمی پەهلەوەی لە ئیتالیا بووە وتی: ناوبراو ڕۆژی سێشەممەی حەوتووی ڕابردوو لە دەفتەری کارەکەیدا هێرش دەکەنە سەری و تەقەی لێدەکەن و بە سێ گولە دەیکوژن.
بە وتەی پۆلیسی ئیتالیا، بکوژەکەی “سەعید ئەنساری” کەسێکە بە ناوی”کاوە فلوتی” تەمەن٤٧ساڵ و کارمەندی پێشووی باڵوێزخانەی ئێران لە ئیتالیا بووە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ناوبراوان ماوەی چەندین ساڵ دوور لە چاوی پۆلیس بە قاچاخ چەکوچۆڵیان بە ڕێژیمی ئێران فرۆشتووە و پۆلیسی نێونەتەوەیی بەردەوام بە دوویاندا گەڕاوە و ئێستاش “کاوە فلوتی” لە لایەن پۆلیسەوە دەسبەسەر و لە ژێر ڵێکۆڵینەوە دایە.
شایانی باسە کە ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای باڵوێزخانەکانیەوە لە وڵاتانی ئورووپایی بەردەوام هەوڵی کڕین و فرۆشتنی چەکوچۆڵی بە مەبەستی کاری تێکدەرانە و ناردنی بۆ گرووپە تێرۆریستەکان داوە.