ئێلیۆت ئابرامز، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران و ڤێنێزۆئێلا، شەوی دووشەممە ٥ی خەزەڵوەری ٩٩ی هەتاوی، هۆشداری دا کە هەر جۆرە مووشەکێکی دوور هاوێژ کە ڕێژیمی ئێران بیهەوێت هەناردەی وڵاتی ڤێنێزۆئێلای بکات دەسبەجێ لە ناوی دەبەین.
نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، شەوی دووشەممە ٥ی خەزەڵوەر لە وتووێژ لە گەل کاناڵی “فۆکس نیوز”ی ئەمریکا جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە دەوڵەتی “دۆناڵد ترامپ” سەرۆک کۆماری ئەمریکا، هەموو هێز و توانای خۆی بەکار دێنێ تا پێش بە هەناردە کردنی چەکوچۆڵ لە لایەن ڕێژیمی ئیرانەوە بگرێت، بەڵام ئەگەر مووشەکی دوورهاوێژ و چەک وتەقەمەنی بنێریتە ڤینێزۆئێلا، دەسبەجێ هەر لەوێ لە ناوی دەبەین.
سەرەڕای ئەوەیکە میدیا جۆراوجۆرەکانی جیهان لە ڕۆژانی رابردوودا ئاماژەیان بە ڕێککەوتنی خێرای فرۆشتنی مووشەک لە نێوان تاران و کاراکاسدا کردوە، ڕێژیمی ئێران هەواڵی بڕیاری فرۆشتنی مووشەکی دورهاوێژی بە ڤێنێزۆئێلا بڵاو کردەوە.
ئابرامز دەڵێ: بە هۆی گۆشەگیر بوونی ئەم دوو وڵاتە و نەبوونی هێچ پێوەندییەکیان لە گەڵ دونیای دەرەوە، نەرخی بنزینی ئێرانی کە ڕەوانەی ڤێنیزۆئێلا دەکرێ بە تەڵا دەدرێ کە هەر یەک سکەی تەڵای ڤێنێزۆئێلا هاوتەرازە لە گەڵ دەیان هەزار دۆلار کە خەڵکی ڤێنێزۆئێلا بۆ دابینکردنی خواردن و دەوا و دەرمان پێویستیان پێیەتی.
لە بەشێکی دیکەی وتووێژە تەلەفزیۆنییەکەدا “ئابرامز” دەڵێ: ڕێژیمی ئێران مووشەکی داوە بە میلیشیا حووسییەکانی یەمەن و ئاگاداری ئەوەش هەین کە ڕێژیمی ئێران دەیهەوێت مووشەک بە ڤێنێزۆئێلا بفرۆشت و ڕەنگە کڕیارانی دیکەشی هەبێ، بەڵام ئەگەر ڕێژیمی ئێران بیهەوێت مووشەکی دوورهاوێژ بفرۆشێتە ڤێنێزۆئێلا و ئاسایشی ناوچەکە ڕووبەڕووی مەترسی ببێتەوە ئەوە ئەمریکا بە هەموو هێزیەوە هێرشیان دەکاتە سەر و پێشیان پێدەگرێ.