یوكیۆ ئامانۆ، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەڵێ ئەگەر ڕێككەوتنامەی نێوان ئێران و ١+٥ بە شێوەیەكی باشیش بەرەو پێش بڕوا، لەوانەیە له كۆتایی مانگی ژانویەدا گەمارۆكانی سەر ئێران هەڵوەشێنەوە.
ئامانۆ لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆیتێرز لە وڵامی ئەم پرسیارەدا كە ئەگەری ئەوە هەیە كە گەمارۆكانی سەر ئێران تا كۆتایی ژانویە لە سەر ئەم وڵاتە لابرێن، گوتی: ئەوە شتێكی مەحاڵ نییە، بە مەرجێك كە خاڵەكانی ڕێككەوتن بە باشی جێبەجێ بكرێن.
بە قسەی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئەگەر ئێران لە ماوەی ٢ تا ٣ حەوتووی داهاتوو چالاكییەكانی خۆی تەكمیل بكا، هیچ هۆكارێك بۆ مانەوەی گەمارۆكان نامێنێ، بەڵام بێتوو ئێران بە بەڵێنییەكانی خۆی پێبەند نەبێ جێبەجێ كرانی ئەم مەسەلەش كاتی زیاتر هەڵدەگرێ.
ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی سەرماوەز، شوورای حوككامی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕەشنووسی بڕیارنامەی وڵاتانی ١+٥ی بۆ داخرانی پەروەندەی “لایەنە نیزامییەكانی بەرنامەی ناوكیی ئێران” بە تێكڕای دەنگ پەسند كرد.